عێراق دەستی بە سەر ٢٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی پێشمەرگە دا گرتووە
بە گوێرەی هەواڵێکی "باسنیوز"، عەمید هەڵگورد حیکمەت بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە و ڕێککەوتن و هەماهەنگی سەربازی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کردووە و گووتوویەتی: لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتوون کە هەماهەنگی سەربازی لەنێوانیاندا هەبێت و وەزارەتی بەرگری عێراقیش چەک بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدات.
عەمید هەڵگورد بە "باس"ی گووت: “ئەگەر بێت و عێراق لە ساڵی 2003وە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی پڕچەک بکردایە، ئێستا پێویستمان بە هاوکاریی وڵاتانی دیکە نەدەبوو لە لێدانی چەکدارەکانی داعش”.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا، ئەو دۆخەی دروست بووە، عێراقی ناچار بەوە کردووە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پڕچەک بکات و تاوەکو ئەو دۆخە هیچ پارچە چەکێک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە، لەکاتێکدا هاتنی چەک ئەوکات لە رێگەی زەوی و وشکانییەوە بۆ عێراق ئاسانتر بوو لەوەی پشت بە فڕۆکە ببەستێت”.
بەڵام جەنەراڵ مایکل باربێرۆ، کە جەنەڕاڵێکی ئەمریکیی بەشدارە لە شەڕی عێراق، ئاشکرای کرد کە حکوومەتی عێراق دەستی بە سەر بەشی کوردستاندا گرتووە لەو چەکەی کە ئەمریکا بۆ عێراقی تەرخان کردبوو.
باربێرو کە سەرۆکایەتیی راهێنانی کردووە لە عێراق لە ساڵانی 2009-2011، دەڵێ: 'لەو چەکەی ئەمریکا بۆ کوردی تەرخان کردبوو، بە بەهای 200 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام بە حکوومەتی کوردستان نەدراوە.'
باربیرۆ جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە هێزەکانی کوردستان پێویستیان بە چەکە و عێراق ئەو چەکەی نەداونەتێ، بەپێی یاساش دەبێ لە رێگەی حکوومەتی بەغداوە، چەک بدرێت بە پێشمەرگە.'
هاوکات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، کە بە هاوبەشی بۆ بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکا رۆژی شەممەی رابردوو لە کۆشکی سپی رێکخرابوو، ماری هارف وتەبێژی کۆشکی سپی رای گەیاند، هێزە کوردییەکان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لەو شەڕەدا و دەبێت پڕ چەک بکرێن.
بەڵام ئاری هەرسین سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەرەکانی شەڕی داعشەوە بۆ (باس) رای گەیاند، رەنگە ئەو چەکانەی ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان لە عێراقەوە لە رێگەی فڕۆکەوە رەوانە دەکرێن، رەنگە هەر ئەو چەکانە بن کە حەقەبەشی پێشمەرگەی کوردستانن و نەدراون، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە عێراق تاوەکو شەڕی داعش بەشی پێشمەرگەی نە لە بودجە و نە لە چەک بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکردووە.
