نێچیرڤان بارزانی لە هەولێرەوە لەسەر هێڵە لەگەڵ وڵاتانی جیهان

 نێچیرڤان بارزانی لە هەولێرەوە لەسەر هێڵە لەگەڵ وڵاتانی جیهان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێـمی کوردستان لە هەولێرەوە لەسەر هێڵە لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە لەدژی چەکدارانی داعش.

سەرچاوەیەکی تایبەتی رووداو، ئاماژەی بەوەکرد کە نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر سەرپەرشتی مەیدانیی کارەکان دەکات و بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی بۆ پێشمەرگە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون لە واشنتن، ئەمریكا بڕیاریداوە هەرێمی كوردستان بپارێزێت و چەند كاژێری داهاتوو خەڵكی كوردستان هەموو جۆرە هاوكارییەكی مرۆیی و سەربازیی ئەمریكا دەبینێت.

بەپێی ئەو سەرچاوانەی كە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو كرد ، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی جیدی لەسەر رەوشی كوردستان و شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) دژی باشووری كوردستان ، دەوەستن و گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان وڵاتاندا هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی كوردستان لە هێرشەكانی داعش .

هەروەها بەپێی ئەو سەرچاوانە ، ئەمریكا بە كاربەدەستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی كوردستانیان راگەیاندووە كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە بۆ ئەمریكا و بەهەموو شێوەیەك كوردستان دەپارێزن.







رووداو
Top