نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکەوە کار دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئاوارەی ناوخۆیی

نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکەوە کار دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئاوارەی ناوخۆیی
ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان دەردەبڕێت کە حکوومەتی ھەرێم و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاستی پێداویستی سەرەتایی پەنابەران دەخەنەڕوو.



لە کۆبوونەوەیەکدا بەبەشداری نوێنەرانی ھەر یەک لە وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەولەتی ئیمارات و یونیسێف و یۆنامی و رێکخراوی تەندروستی جیھانی و کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی باس لە دیاریکردنی پێداویستی سەرەکی و چۆنییەتی یارمەتیدانی ئاوارەکان کرا.

د. دیندار زێباری نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ ھاوکاری مرۆیی لە سەرەتادا باس لە نەھامەتییەکانی ئەم دواییەی ئاوارەکانی ناوچەی شنگال و زوممار کرد و پێداویستییەکانیان بۆ لایەنی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری ئیمارات خستنەڕوو کە لە پلەی یەکەمدا پێویستیان بە خواردنی گەرم و ئاو و خێوەت ھەیە.
نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە بوونی ٣٠ ھەزار ئاوارەی بێ سەروپەنا لە قەزای خانەقین کرد کە ھەوڵی دروستکردن دوو کەمپی نوێ لە پارێزگای ھەولێر و دوو کەمپی دیکەش لە پارێزگای سلێمانی دەدرێت و دروستکردنی ھەر کەمپێک لەسەر زەوی تەخت پێویستی بە پێنج ملیۆن دۆلار ھەیە... ئەوەشی گوت نزیکەی ١١ ھەزار ئاوارە لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان لەدەرەوەی کەمپ دەژین و لە دھۆک کەمپێکی گواستنەوە پێشوازی لە بیست و پێنج ھەزار ئاوارە دەکات.
نوێنەری ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ـ OCHA لە لایەن خۆوە وتی پێویستە بوودجەیەک لەبەر دەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە ھەبێت کە تەنیا لە شنگال زیاتر لە ١٥٠ ھەزار کەس ئاوارە بووە. ھەروەھا باسی لە یارمەتییە داراییەکانی سعودییا بۆ ئاوارەکانی عێراق بە گشتی کرد.
نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیھانیش ستایش تەندروستی پارێزگای دھۆک کرد و داوای کرد یارمەتی دارایی تەندروستی دھۆک بدرێت کە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە روویان لەم پارێزگایە کردووە.
یاریدەدەری بریکاری وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەوڵَەتی ئیمارات سولتان ئەلشامسی ب ستایشکردنی رۆڵی حکوومەتی ھەرێم، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان لە ھەر شوێنێکی پێویست دەربڕی و رایگەیاند دەیانەوێت سەردانی مەیدانی شوێنەکان بکەین بۆ زانین ئاستی پێداویستی ئاوارەکان.
Top