دوو گوندی سەر بە شارۆچكەی تلكیف لە دەستی داعش رزگار کران

دوو گوندی سەر بە شارۆچكەی تلكیف لە دەستی داعش رزگار کران
هێزەکانی پیشمەرگە دوو گوندی سەر بە شارۆچکەی تلکێفیان لە دەستی چەکدارەکانی داعش ڕزگار کرد و کۆنتڕۆلی ئەو دوو گوندەیان وەدەست گرتەوە.



ئەندامێکی لیژنەی ئەمنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم ڕایگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمرۆ هێزەكانی پێشمەرگە دوو گوندی سەر بە قەزای تلكیفیان كونترۆل كرد و لە لایەکی دی زیاتر لە ١٠٠ چەكداری داعش لە نێو شاری موسڵ کوژراون.



غەیاس سورچی ئەندامی لیژنەی ئەمنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم بە ئاژانس هەوالی پەیامنێری راگەیاند؛ پێش نیوەرۆی ئەمرۆ؛ شەر و پێكدادانێکی قوڕس لە نێوان چەكدارانی داعش و هێزەكانی پێشمەرگە روویدا و لە ئەنجام دا هێزەکانی پێـشمەرگە توانیان، دوو گوندی "سادە" و "بەعوێزە"ی سەر بە قەزای تلكێف لە دەستی داعش ڕزگار بکەن و کۆنتڕۆڵیان بکەنەوە.



ئەو ئەندامەی لیژنەی ئەمنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم گووتی: لەو شەڕە دا چەند گولـلە هاوەنێك بەر كومیتەی رێكخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تلكیف کەوت و لە ئاکام دا پێشمەرگەێك شەهید بوو و سێ پێشمەرگەی دیکەش بە سوكی بریندار بوون.



غەیاس سورچی بە پەیامنێری گووت: بە پێی ئەو زانیارییانەی لە پزیشكی دادی لە موسڵ دەستمان كەوتووە، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوو لە ئەنجامی بۆردومانی مۆڵگە و بارەگاكانی چەكدارەکانی داعش و بەعسیەكان لە چەند گەرەكێكی شاری موسڵ، تەرمی ١٠٦ چەكداری داعش گەیەنراوەتە ئەو شوێنە.



بە وتەی غیاس سورچی ئیستا رەوشی ناوچە كوردستانیەكانی سنوری پرێزەگای موسڵ ئارامە و پێشمەرگە بە وورەیەکی بەرزەوە لە سەنگەركانی پێشەوەن.



غەیاس سورچی باسی لە وەشكرد، خێرخوازێكی پارێزگای سلێمانی لە ڕێی مەڵبەندی موسڵەوە کۆمەک و هاوكاری گەیاندۆتە کۆمەڵگای شاریا و خانكی و باعەدرێ‌ كە ژمارەیەک زۆر ئاوارەی ئیزدی لێ‌ نیشتەجێیە.



دانیشتووانی گوندەکانی سادە و بەعوێزە كوردی شەبەكن و وەک دوو گەرەكی شاری موسڵ حیساب دەکرێن .








pna
Top