پێشمەرگە شكستی بە پەلامارێكی داعش هێنا
كاژێر 8ی ئەمشەو چەكدارانی داعش لە لە هەردوو گەڕەكی تەجنید و وەحدە پەلاماری هێزەكانی پێشمەرگەیان داوە، نزیكەی 2 كاژێر پێكدادان بەردەوام بووە و ئێستا شەڕەكە كۆتاییهاتووە.
بەپێی زانیارییەكانی هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە جەلەولە، لە شەڕەكەدا هیچ پێشمەرگەیەك شەهید و بریندار نەبووە و زیانەكانی چەكدارانی داعیشی نەزاندراون.
ماوەیەکە لە ناحیەی جەلەولا شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێـشمەرگە و چەكدارانی داعش بەردەوامە و پەلاماری ئەمشەوی چەكدارانی داعش بۆ كۆنترۆڵی ئەم دووگەڕەكە بووە كە ماوەیەكی زۆر هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دەدەن، هێزەكانی پێشمەرگەش وەڵامی هەموو جۆرە هێرشەكانیان دەدەنەوە بەهیچ شێوەیەك پاشەكشە ناكەن.
هەر ئەمڕۆ فڕۆكەكانی سوپای عێراق چەند شوێنێكیان لە هەردوو ناحیەی سەعدییە و جەلەولا بۆردوومانكردن. بەپێی سەرچاوەیەک لە لیوای 3 ی هێزی پیشمەرگە بۆ رووداو، لەو بۆردوومانەدا 19 چەکداری داعش کوژراون.
رووداو
