داعش فەرمانی دا، پەیکەرەکانی نماییشی جلوبەرگیش حیجاب بپۆشن
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتدپرێس بڵاوی کردووەتەوە کە، "چەکدارانی توندڕۆی داعش، فەرماننێکیان بەسەر خاوەن فرۆشگاکانی جلوبەرگدا لە مووسڵ سەپاندووە کە، دەبێ ڕووی ئەو پەیکەرانە دابپۆشرێن کە جلوبەرگی ژنان و پیاوانیشیان بە بەردا دەکەن و نماییشیان کردوون، چونکە ئەو پەیکەرانە هاوشێوەی جەستەی مرۆڤن."
لە زاری خاوەنی فرۆشگایەکەوە گوێزراوەتەوە کە، بەپێی لێکدانەوە توندڕۆکانی داعش، ئەو پەیکەرانە بە شەریعەتی ئیسلام ناکۆکە، چونکە جەستەی مرۆڤ وێنا دەکا و بەمەیش دەگوترێ حەرامو دەبێ قەدەخە بکرێ.
ئاژانسەکە زیاتر نووسیویەتی، ڕووخساری ئەو پەیکەرە لاستیکیانە لە ئێستادا بە پارچە قوماشێکی ڕەشی کەمێک تەنک داپۆشراون، بەڵام ئەوانەی نماییشی جلوبەرگی پیاوانەیان پێ کراوە، بە پلاستیک داپۆشراون.
