یازدە وەزیر سامانی خۆیان بۆ دەستەی دەستپاکی ئاشكرا کردووە
فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت لە دەستەی گشتی دەستپاكی لە ڕاگەیەنراوێک کە وێنەیەکی وەدەست پەیامنێر کەوتووە، ڕایگەیاند؛ هەتا ڕۆژی چوارشەممە(23/7/2014) فۆڕمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكانی تایبەت بە یازدە وەزیری كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بەدەست گەیشتووە.
بە پێی راگەیەندراوەکە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزیری تەندروستی، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری دارایی و ئابوری، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، وەزیری كارەبا،.وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار فۆرمی ئاشکرا کردنی سامانەکانیان پڕ کردۆتەوەو بۆ "فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت" لە دەستەی گشتی دەستپاکیان ناردووە.
دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بۆ خۆ پاراستن لە گەندەلی، فۆڕمی ئاشكراكردنی مۆلك و ماڵی بەرپرسان و پلە باڵاكانی دابەشكرد، بەڵام هەتا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەو بەرپرس و پلە باڵایانە سەروەت و سامانی خۆیان ئاشكرا نەكردووە.
