پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتباری لە بەردەم فامیلی مۆڵ قۆڵبەست كرد
دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر لە سەرهەڵدانی دیاردەی دزینی ماتۆڕسكیل لە شاری هەولێر و دەوروبەری، پۆلیس چاودێری و بەدواداچوونی بۆ ئەم دیاردەیە چڕ كردەوە و تواندرا تۆمەتباران دەستگیر بكرێن.
عەقیدی مافپەروەر (محەمەد حەمەدەمین) ئەفسەری نووسینگەی رۆژهەڵات بۆ نەهێشتنی تاوان، رایگەیاند: "دوای تۆماركردنی چەندین سكاڵا سەبارەت بە دیاردەی دزینی ماتۆڕسكیل لە چەند شوێنێكی شاری هەولێر و دەوروبەری، دۆسیەی لێكۆڵینەوەمان كردەوە، كارمەندانی نەهێشتنی تاوانیش دوای چاودێرییەكی ورد، لە چەند شەوی رابردوو و لەو كاتەی كە دوو تۆمەتبار سەرقاڵی دزینی دوو ماتۆڕسكیل بوون لە بەردەم فامیلی مۆڵ، دەستگیریان كردن".
ناوبراو گووتی: "تۆمەتباران بە ناوەكانی (ا.ع.ا) لەدایكبووی (١٩٩٧)، (ع.ە.ا)، لەدایكبووی (١٩٩٨) كە هەرزەكارن، پاش دەستگیركردنیان دانیان بە تاوانەكەیاندا نا و گوتیان كە لە ماوەی رابردوو دا (٩) ماتۆڕسكیلیان لە شاری هەولێر و دەوروبەری دزیوە".
عەقید (محەمەد) ڕوونیشی كردەوە، "دادوەری لێكۆڵینەوە بریاری دا بە بەندكردنی تۆمەتباران بە پێی مادەی (٤٤٦) لە یاسای سزادانی عێراقی و گواستنەوەی پەڕاوەكە بۆ بنكەی پۆلیسی نەوجەوانان بەپێی تایبەتمەندی".
داواشی لەو هاووڵاتیانە كرد كە دزیی هاوشێوەیان لێ كراوە، سەردانی نووسینگەی رۆژهەڵات بۆ نەهێشتنی تاوان بكەن.
ڕاگەیاندنی پۆلیس
hewlerpolice@gmail.com
