له بەرامبەر دەرگای كەعبە دوعام بۆ مسعود بارزانی كردووە بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات و لە خزمەتی كوردستان و ئایینی ئیسلامدا سەركەوتوو بێت
هەروەها مامۆستا مەلا عبدالقادر گوتی: پێش هەمووشت جەنابی مەلا مستەفا بارزانی هەموو مامۆستایانی ئایینی كۆكردەوە و پیێ وتبوون مامۆستایان فەرموون ئێوە چیتان دەوێت بیكەن و هێزی پێشمەرگەی من پشتیوانیتان دەكات، ئەو فەرمووی ئەوەی من پێم ناكرێت فەرموو ئێوە بیكەن و پشتگیرتان دەكەم، من خۆم یەكێك بووم لە ئەندامی یەكێتی زانایان و سكرتێری یەكێتی زانایان لە ناوچەی پشتۆ و بەمۆ، ماوەی 15-20 لەو دێهاتانە جەولەم كردووە ئامۆژگاری ئایینی خەڵكمان كردووە و كێشە ئایینیەكانمان بۆ ڕوون كردونەتەوە و پشتیوانیم لە شۆڕشی ئەیلوول كردووە، بۆیە كە ئەمە هەبووبێت حزبی ئیسلامیمان بۆچی بووە؟ بۆیە ئێستاش داوا لە بەڕێز مسعود بارزانی دەكەم بە هەمان شێوەی مەلا مستەفا بارزانی دڵی فراوان بێت، ڕەشماڵەكەی گەورەتر بێت بۆ ئەوەی جێگەی هەموومان ببێتەوە، من پرسیار دەكەم بۆچی جەنابی مسعود بارزانی بەردەوام مەلاكانی كوردستان لەدەوری نین و بۆ لە مەجلیسی مسعود بارزانیدا بەردەوام چەند مەلایەكی لێهاتووی كوردستان بوونی نییە و ڕاوێژیان پێبكات؟ بەڕاستی ئەوان لەناو خەڵكدان و ئێش و ئازار و گرفتیان باش دەزانن و جێگای متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستانن.
شایانی باسە مەلا عبدالقادر گوتی: ئەوەی داوای ئەوەمان لێدەكات بەشێك بین لە عێراق، ئێستا دەوڵەتێك كەوتۆتە نێوانمان كە ئەویش ئەو دەوڵەتەیە كە جەماعەتی داعش لەناوچە سوننییەكان ڕایانگەیاندووە، ئەم دەسەڵاتە یان ئەم دەوڵەتە ئێمەی لەوانە جیاكردۆتەوە و ئەوانیشی لە ئێمە جیاكردۆتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە لە جێگەی خۆمان دانیشتووین و ئەوان خۆیان جیاكردۆتەوە، هەتا ئێستاش سەركردایەتی سیاسی كوردستان ئومێدی ئەوەیە سوننە و شیعە پێكەوە بگونجێن و لە حكومەتێكدا بتوانن پێكەوە هەڵبكەن، بۆیە لەم بوارەدا كورد بە ڕاشكاوی قسەی خۆی دەكات و پێ لەسەر مافەكانی خۆی دادەگرێت، بەڵام چاوچنۆكیش نییە و تەماعی لەماڵی كەس ناكات، لەمەش زیاتر هێندەی من ئاگادارم بەرپرسانی باڵای كوردستان دەیانەوێت، لە بەغدا حكومەتێكی وا دابمەزرێت كە هەموو پێكهاتەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەشدار بن و مافی خۆیان پێبدرێت، بۆیە كە ئەم ویستە لە بەغدا نابینرێت، ئەوا ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت جیابووینەتەوە، لەمەش خراپتر ناو و ناتۆرەمان لێدەنێن و قسەی نەشیاو بەرامبەر خەڵكی كوردستان دەكەن، لەهەمووی خراپتر تۆمەتی كوفرمان دەخەنە پاڵ، لەكاتێكدا خەڵكی كوردستان خۆی لەوان بە موسڵمانتر دەزانێت، بۆیە كاتێك ئەو تۆمەتانەمان دەخەنە پاڵ، ناچارین بە هەمان شێوە وەڵامیان بدەینەوە، بۆیە ئەوان وایانكردووە كە جارێكی دیكە گونجان و پێكەوە ژیانمان لەگەڵ ئەوان بەم ڕەفتارەی چەند ساڵی پێشوویان زۆر ئەستەم بێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(986)
