ئەگەر عێراقیەكان لەسەر بەرنامەیەكی سیاسیی نوێ ڕێكنەكەون ئەوا شەڕێكی ناوخۆیی خوێناوی لەنێوان سوننە و شیعە دروست دەبێت

ئەگەر عێراقیەكان لەسەر بەرنامەیەكی سیاسیی نوێ ڕێكنەكەون ئەوا شەڕێكی ناوخۆیی خوێناوی لەنێوان سوننە و شیعە دروست دەبێت

لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پرۆفیسۆر ڕۆبەرت ڕابیل بۆ گوتى:ئەوەی لە عێراقدا ڕوودەدات مایەی كارەسات و تراژیدیایە، بە ڕاستی ئەوەی بەسەر خەڵكی عێراقدا دێت جێی داخ و نیگەرانیەكی زۆرە بۆ من، چونكە خەڵكی عێراق نەهامەتیان چەشتووە و ئێستاش بەدەست نەهامەتیەوە گرفتارن. لێرەدا من باسی سەرجەم عێراقیەكان دەكەم، بەبێ جیاوازی. لە ڕاستیدا دەبوو ئێمە و عێراقیەكان ئەوەندە زانیاریمان هەبوایە كە بمانزانیبایە چی ڕوودەدات. ماوەیەك بەر لە ئێستا كوردەكان لە هەرێمی كوردستان زانیارییان بۆ حكومەتی عێراق و لایەنە جیاوازەكانی ناوچەكە و هەروەها كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نارد، كە نیگەرانییان دەربڕیبوو لەبارەی ئەم سیناریۆیەوە، بەڵام كەسانێكی كەم بایەخیان پێدا، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئێستا هەموو كەس تەركیزی لەسەر سوریاوە و لەسەر ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات، ئەمەش بۆ هەندێ كەس لە ناوچەكە و بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شتێكی كتوپڕ بوو و نەدەبوایە ڕووبدات.


هەروەها ڕۆبەرت گوتی : ئەگەر بمانەوێت لە سەرجەم گۆشەكانەوە و بە شێوەیەكی پانۆراما مەسەلەكان بخەینە ڕوو لە عێراقدا. ئەوا ئەو مەسەلەیەی ئێوە دەیخەنەڕوو لەبارەی ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا كشانەوە، ئەوا سەرۆك ئۆباما سیاسەتێكی ڕوونی هەبوو كە بریتی بوو لە كشانەوە لە عێراق. كەواتە ئەو كارێكی كرد كە بەلای عێراقیەكان و ئەوانی دیكەوە چاوەڕواننەكراو نەبوو، كەواتە ئەو بەرنامە سیاسییەكەی خۆی پیادە كرد. من لێرەم و من ناتوانم بە ڕەهایی قسە بكەم، بەڵام دەتوانم لە ڕوانگەی ئەزموونەوە، لە ڕوانگەی ئەو پێوەندیانەی هەمە و ئەوەی دەیخوێنمەوە، قسە بكەم، ئەویش ئەوەیە كە حكومەتی عێراقی بە شێوەیەك لە شێوەكان بەڕاستی سوننەكانی دوورخستۆتەوە و نائومێدیەكی دیاریكراو هەیە لەگەڵ حكومەتی مەركەزیدا. لێرەدا مەبەستم لە حكومەتی مەركەزی حكومەتەكەی مالیكیە، كەواتە لێرەدا كێشەیەكی عێراقی هەیە، و ناكرێت بڵێیت بەشێكە لە كێشەی ئەمریكا، چونكە ئەمریكا پلانی خۆی هەیە، ئیتر ڕاست بێت یان هەڵە، ئەوان پلانی خۆیان هەبوو و هەموو كەسیش ئاگای لە پلانەكەیان بوو، بە تایبەتی كە ئێوە باسی ئەوەتان كرد كە ئەوان زوو كشانەوە. هەروەها دەبێت ئەوەتان لەیاد بێت كە حكومەتەكەی مالیكی ئەو ڕێكەوتنە سەربازیەی ئیمزا نەكرد كە ئەمریكا دەیویست، كەواتە هەروەك لە سەرەتاوە باسم كرد ئەمە كێشەیەكی ئاڵۆزە. بەڵام ئەم كێشەیە بە عێراقیەكان دەست پێدەكات و بە عێراقیشەكانیش كۆتایی دێت.


شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیدا ڕۆبەرت ڕابیل گوتی: و لە ئێستادا كوردستان بە زۆری سەقامگیرە و پێموایە مالیكی هەرچیەكی قەرزاری كوردە پێویستە پێیان بداتەوە. لەبەر ئەوە من دەمەوێت كوردستانی عێراق بە سەقامگیری ببینم. هەروەها ئومێد دەكەم كوردستانی سوریا خاوەنی ئۆتۆنۆمی بێت، بونیادێكی فیدراڵی هەبێت، بەڵام ئەمە سەركردایەتی دەوێت. تا ئێستا سەركردایەتی كورد دووربینی هەبووە و هیوادارم ئەمە بەردەوام بێت و گفتوگۆ بكەن. بە دڵنیاییەوە لە پێوەندیدا بە داعشەوە ئەوا، پێویستە هەرچیەك پێویست بێت بۆ بەرگری لە خۆكردن ئەنجامی بدەن. و ئەو ناوچەیە بە سەلامەتی بهێڵنەوە. ئێوە پێشمەرگەتان هەیە و دەتوانێت خاكی خۆتان بپارێزێت و ڕێگەنەدات ئەل قاعیدە بچێتە خاكەكەیانەوە. من باوەڕم وانییە داعش بچێتە ناوچە شیعەنشینەكانەوە و ئەوان دەیانەوێت ئەو ناوچانە داگیر بكەن كە زۆرینەیان سوننەن، ئەمەش بێئەندازە مایەی گرفت دەبێت، كەواتە پێویستت بە سوننەكانە كە شەڕیان لە دژ بكەن و پێویستت بە كورد و بە شیعەیە پشتگیری سوننە بكەن، بۆ ئەوەی ئەم كارەش بكەن، ئەوا پێویستت بە حكومەتێكی یەكگرتوو هەیە و پێویستت بە بەرنامەیەكی سیاسی نوێ هەیە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(986)

Top