پەرلەمان پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆککۆمار دەخاتە بەر باس

 پەرلەمان پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆککۆمار دەخاتە بەر باس
فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان داوای لە پەرلەمان کردووە، کە ئەمڕۆ پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆککۆماری عێراق بخرێتە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی کۆبوونەوەی ئاساییی پەرلەمانەوە.

پرسی کاندیدی سەرۆککۆماری عێراق یەکلایی نەبووەتەوە و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش دوو کاندیدی دەستنیشان کردوون و هێشتایش ناردنی کاندیدێکی کورد بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکلایی نەبووەتەوە، هەربۆیەش فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان داوای کردووە کە پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆککۆماری عێراق بخرێتە بەرنامەی ئەمڕۆ سێشەممەی پەرلەمانی کوردستانەوە.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (محەممەد عەلی یاسین) بە kdp.info-ی راگەیاند، "بەپێی بڕگەی 5-ی ماددەی 56 لە پێرڕۆی ناوخۆی پەرلەمان هەر فراکسیۆن و سەرۆکفراکسیۆنێک دەتوانێ لە 24 سەعات پێش کۆبوونەوەی ئاسایی، داوای زیادکردنی بڕگەیەک بە کۆبوونەوەی ئاساییی پەرلەمان بکات."

ئەو گوتیشی، "بەپێی هەستیاریی دۆخەکە فراکسیۆنی زەرد داوای کردووە کە ئەمڕۆ، پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆککۆماری عێراق کە پشکی کوردە، بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە."

(محەممەد یاسین) روونیشی کردەوە کە، "سەرۆکایەتیی پەرلەمان داواکەی ئەوانەی خستووەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و ئەمڕۆ بە ئەگەری زۆر باس لەو پرسە دەکرێت."
Top