دیک چینی: مێژوو شکستی ئۆباما و مالیکی تۆمار دەکات
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (سی ئێن ئێن)-دا، (چینی)، سەرباری ئەوەی (ئۆمابا) بە خراپترین ئەو سەرۆکانە ناو دەبات کە لە ژیانی خۆیدا ناسیونی، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا نییە، دەستی پێ لەکار بکێشرێتەوە، دەشڵێت، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریاکا(جیمی کارتەر) کە ئەمەریکاییەکان پێیان وایە لاوازترین سەرۆکی وڵات بووە، هێشتا (ئۆباما) لەو لاوازتر و خراپترە.
(چینی) زیاتر گوتی، "کاتێک دەستەڵاتمان جێ هێشت، عێراق لە دۆخێکی جێگیردا بوو، (ئۆباما) خۆیشی یەکێک لەوانە بوو کە ئەمەی گوتووە. پلانمان هەبوو ژمارەی سەربازان زیاد بکەین، پاش کشانەوەی ئەمەریکایش وەها پێویست بوو هێزێکی ئەمەریکایی بهێڵرێتەوە کە توانای مەشقپێکردنی سوپای عێراقی هەبایە و ئەو توانستانەیش بۆ سوپای عێراق بەرجەستە کرابان کە خۆی پیی دابین نەدەکران، لە نموونەی زانیاریی هەواڵگری و هێزی ئاسمانی، بەڵام ئەمە نەهاتە دی."
ئەو دەڵی، هێزەکانی عێراق ڕووخان، هاوتای (ئۆباما) لە گەرەنتیی هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە، (مالیکی)-یش بەشێکی ئەم بەرپرسارەتییەی دەکەوێتە ئەستۆ، لەوەی کە دۆخێکی پر لە پشێویی لە عێراقدا هێناوەتە ئاراوە.
دەربارەی بوونی سەرباز و ئەفسەرانی ڕژێمی پیشووی عێراق لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا، (چینی) دەڵێت، "ڕەنگە هەندێکی ئەفسەرانی پێشوو چووبێتنە نێو داعشەوە، بەڵام نیازی سەرەکیی داعش لە ڕێکخراوی قاعیدەوە سەرجاوەی گرتووە، سەرۆکی ثێشووی ئەوانمان کوشت کە (ئەبو موسعەب زەرقاوی) بوو، شکستمان پێ بردن و لە عێراق وەدەرمان نان و لە سووریا دەرکەوتنەوە، بەڵام جارێکی دی و لەژێر ناوی داعشدا هێزەکانیان کۆ کردەوە و هاتنەوە عێراق و هاوپەیمانیشیان بۆ خۆیان پەیدا کرد."
زیاتر گوتی "ئەم پرسە تەنیا لە عێراقدا کۆتایی نایەت، بەڵکە ئەو خەلافەتەی بینایان کردووە، سووریایش دەگرێتەوە، هەزارانیش لە ئەورووپا هەن کە خواستی بەشداریکردنیان لە جیهاددا لە ناوچەکەدا هەیە، هەندێکیان هیی خودی ئەمەریکان."
(چینی) دووپاتیشی کردەوە، "بەرپرسارەتیی ئەو شکستە دەکەوێتە ئەستۆی(ئۆباما و مالیکی)"، و گوتیشی ئەو پرسە مێژوو تۆماری دەکات.
KDP.info
