سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق دەكات
لە دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای ئەمنی و سیاسیی عێراق خرایە بەرباس. یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانیی وڵاتەکەی بەرانبەر بارودۆخەكە و بەهێزبوونی تیرۆریستان خستەڕوو و هیوای خواست بەهاوکاریی هەموولایەک بە زووترین كات عێراق لەم قەیرانە دەرچێت. هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی ناوچەکان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران و ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشان دا كە یارمەتیی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوان و گشتگیر بدات كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق تێیدا بەشدار بن بەجۆرێک کە کۆتایی بە پشتگوێخستنی لایەنەکان و تاکڕەوی و پێشێلکردنی دەستوور بێت و هەموو پێکهاتەکان خۆیان بە خاوەنی حکوومەتەکە بزانن و پێگەی کوردستانیش بەهێزتر بێت.
هەروەها یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی کردەوە کە هەرجۆرە هاوکارییەکی ئەمریکا بۆ عێراق بەستراوەتەوە بە ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئێمە لە دە ساڵی رابردوودا زۆر هەوڵمان دا کە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق سەربگرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی هەڵە و تاکڕەوی و پشتگوێ خستنی دەستوور و ڕێککەوتنەکان ڕەوشەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر بوو و ئەوەی ئێستاش ڕوودەدات بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەوەیە کەچی لە بری داننان بە هەڵەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەری ڕەوشەکە خەریکی دروستکردنی تۆمەتن.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە یارمەتیی ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا لەسەر لە كاركردن بۆ چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان بەردەام دەبین و لێی پاشگەز نابینەوە.
