ئەمجارە لەسەر نەوت هەولێر هەڕەشە لەبەغدا دەکات

 ئەمجارە لەسەر نەوت هەولێر هەڕەشە لەبەغدا دەکات
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان داوادەکات له‌ژێر رۆشنایی مادده‌ی 112 ده‌ستوری عێراق، حکومه‌تی به‌غدا %17ـی داهاتی نه‌وتی سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ بداته‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، که‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیای به‌ بازاڕکردنی نه‌وتی عیراق (سۆمۆ)ـه‌وه‌ فرۆشراوه‌ و لە ئەگەری نەدانی، هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دەکات.

لە ئاگادارکردنەوەیەکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی مادەی 112، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی بەدەستهێنانی %17ـی هەموو داهاتەکانی هەیە، کە لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سۆمۆ و (هەر بەشێکی دیکەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ) دەکەوێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارکردنەوەیەکەیدا جەخت لەوەدەکاتەوە، لە بارودۆخێکدا، کە حکومەتی فیدراڵی عێراق داهاتەکان بەپێی دەستووری عێراق دابەشنەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی رێوشوێن بگرێتە بەر، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێ هەموو ئەو مافە شایستانە بەدەستبهێنێت، کە حکومەتی فیدراڵی عێراق پێویستە بیاندات بە حکومەتی هەرێم بەپێی دەستووری عێراق. ئەم مافە لە یاساکانی کوردستاندا گوزارشتی لێکراوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، لانی کەم لە 2005ـەوە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ شکستی هێناوە لە پابەندبوون بە ئەرکە دەستووری و یاساییەکانیەوە بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوانەش پابەندبوون بە مادەی 112ـەوە". هەروەها بەیاننامەکە ئاماژەوەی بەوەشداوە، کە وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ نەوت فرۆشن یان هەوڵدەدەن بۆ فرۆشتنی نەوت و غاز و بەرهەمەکانی دیکەی پێترۆل، بەڵام "داهاتەکانی ئەم فرۆشتنانە هەمووی لای خۆیان دەهێڵنەوە، هەموو ئەمانە پێشێلکردنێکی روون و ئاشکرای مافە دەستووری و یاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هەموو ئەو کەسانە دەکاتەوە، کە نەوت و غازیان لە هەر بەشێکی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەوانەش وەزارەتی نەوتی فیدراڵ یان سۆمۆ، کڕیوە یان لەوانەیە بکڕن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کڕیارانە و ئەوانەشی ئاسانکاریان بۆ بارکردنی کردووە لەبری کڕیارەکان یان لەبری سۆمۆ وەک یارمەتیدەر و پشتگیریکەر و ئاسانکاری پێشێلکردنی مافەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکات (بەپێی دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتی)، مەگەر ئەو کڕیارانە 17٪ـی نرخی کڕین بدەن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە گوزارشت دەکات لەو مافەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا مافی خۆیەتی وەریبگرێت.

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڕەشەدەکات، کە رێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر بەرامبەر کڕیارانی نەوتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سۆمۆ (یان هەر بەشێکی تری حکومەتی فیدراڵی عێراق)، بۆ پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".






رووداو
Top