مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کرد
لە سەرەتای دیدارەکەدا شاندی میوان خۆشحالیی خۆیان بەرامبەر جێگیر بوونی رەوشی هەرێم دەربڕی و هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ بە خێرایی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی بە هۆی داڕوخانی سوپای عێراق لە پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک و دیالا دروست ببون. شاندی میوان جەختیان لە سەر رۆلی کاریگەری هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی گشت پێکهاتەکانی ناوچە کوردستانییەکان دووپات کردەوە.
لە میانەی دیدارەکەدا گفتوگۆ لە سەر دوا رەوشی عێراق و دەڤەرەکە کرا و هەردوو لا نیگەرانیی خۆیان لە بەرامبەر پەرەسەندنی هەرەشەی تیرۆر و توندرەویی لە دەڤەرەکەدا خستە ڕوو. پەیوەست بەم پرسە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەدا کە پرسی مەترسیی داعش تەنیا پەیوەندیی بە هەرێم و عێراق نیە بەڵکو ئەم هەرەشەیە پرسێکی نێودەوڵەتییە و پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن و ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە ببنەوە.
لە بارەی هەولەکانی چارەسەریی بارودۆخی عێراق، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ هەر چارەسەرییەک دەبێت رەوشی تازەی عێراق ڕەچاو بکرێت و دەبێت هۆکارەکان چارەسەر بکرێن نەک دەرەنجامەکان. لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە عێراقدا کێشە سیستەمی حوکمرانییە نەک ئەشخاس و ئەزموونی حوکمرانیی چەندین ساڵەش ئەوەی سەلماند کە ئەم سیستەمە وەڵامدەری ویستی پێکهاتەکانی عێراق نیە و ناتوانین بەم سیستەمە بەردەوام بین.
مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوە کە پێداگری لە سەر بەردەوامیی ئەم سیستەمەی عێراق بە واتای بەردەوامیی کێشە و گرفتەکانە، بۆیە چارەسەر ئەوەیە بە دیدێکی نوێ لە عێراق بڕوانین و پێکهاتەکانی عێراق لە ژێر تیشکی ئەم رەوشە نوێیە بڕیار لە سەر چارەنووسیان بدەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا شاندی میوان پاڵپشتی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی هەرێم بۆ سەقامگیریی زیاتر لە دەڤەرەکەدا دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد کە لە هەولەکانیان بەردەوام دەبن تاکو کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لە پێناو چارەسەرکردنێکی گونجاوی ئەم رەوشەی ئێستا بهێنرێتە دی.
له بهشێكی دیكهدا داوای له كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی كرد كه كاتی هاتووه كار بكهن بۆ كۆتایهاتن به مهینهتیهكانی گهلی كوردستان و پشتیوانیكردن له مافهكانی گهلی كورددا.
