مەسرور بارزانی پێشوازیی لە سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا کرد

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا کرد
پێش نیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە رێكەوتی 2تەمموز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەرێز ئەحمەد جەربا سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کرد.

لە دیدارێکدا دوا رەوشی سوریا و عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ. لەم میانەدا هەردوو لا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر پەرەسەندنەکانی ئەم دوایەی عێراق و فراوان بوونی هەرەشەی توندرەوەکان دەربڕی.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر کێشەی سوریا کەمتەرخەم بووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری فراوان بوونی هزری توندڕەویی و توندوتیژی و ئێستاش ئەوەی لە عێراقدا ڕوودەدات درێژکراوەی هەڵەکانی ناو سوریایە. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەدا کە بە هۆی هەڵەکانی دەسەڵات لە بەغدا و نەگونجاوی سیستەمی حوکمرانی لە عێراقدا زەمینەی لەبارتر هەبوو بۆ ئەم پەرەسەندنە خێرایەی لە چەند ناوچەیەکی عێراق بەدی دەکرێت.

لە میانەی دیدارەکەدا ئەحمەد جەربا ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت هەمان هەلەی سوریا لە عێراقدا دووبارە نەبێتەوە و ویستی پێکهاتەی سوننە لە عێراقدا لە پرسی تیرۆر جیا بکرێتەوە و هەولی چارەسەریی سیاسیانە بۆ کێشەی سوننە لە عێراقدا هەبێت تاکو زەمینەی هاوکاریی تیرۆریستان لە ناو ناوچە سوننیەکان بەرتەسک ببێت.

لە پەیوەندی بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەبێت پێداچوونەوە بە سیستەمی حوکمرانی عێراقدا بکرێت و گشت پێکهاتەکان مافی ئەوەیان هەبێت بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن، چونکە دڵنیا بوون لە سەر پاشەرۆژیان متمانە لە نێوان گشت پێکهاتەکانی دەڤەرەکە دروست دەکات و زەمینە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان دەخولقێنێت و بەو هۆیەشەوە ، عێراق و سوریا و سەرجەم ناوچەکە ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە دەبینێت.
Top