پەرلەمانی كوردستان..بۆ ریفراندۆم یاسای هەڵبژاردن و راپرسی پەسەند دەكات
فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەرەكیترین كارمان لەو مانگەی كە درێژمان كردەوە ئەوە دەبێت یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی پەسند بكەین."
سەبارەت بە گرینگی ئەو كۆمیسیۆنە بۆ ئێستای باشووری كوردستان، فرسەت سۆفی گوتی "كە ئەوەمان كرد بە مانای ئەوەیە پەرلەمان ئامادەیی دەبێت بۆ ئەوەی ئەو كۆمیسیۆنە سەربەخۆیەی هەبێت ئەگەر رۆژی پێنجشەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان داوایكرد كە راپرسی بكەین و بگەڕێینەوە بۆ میللەتی خۆمان و رێككەوتین لەسەری، ئەو كۆمیسیۆنەمان هەبێت و پێویستمان بە كۆمیسیۆنی بەغدا نەبێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان "ئەو یاسایە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و لەو ماوەیەدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكەین و زیاتر شیدەكەینەوە كە چۆن بێت و لەكێ پێكبێت و لەكوێ كار بكات."
لە وەڵامی ئەوەی كەی ئەو یاسایە تەواو دەبێت، فرسەت سۆفی گوتی "بە رای من لە مانگی 7 یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمانی كوردستان تەواو دەبێت و دەست بە كارەكانی دەكات."
بڕیاروایە رۆژی پێنجشەممە 3-7-2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمان بكات و سەبارەت بەو دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق قسە بكات، بەڕای فرسەت سۆفی "یەكێك لەو باسانەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان دەیكات ئەوەیە كە ئایا لەو دۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە، چیدیكە مەجالی ئەوە هەیە لەگەڵ عێراق بژین یان نا."
ئەو پەرلەمانتارە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان بە گرینگ دەزانێت و دەڵێت "بەپێی یاسای ژمارە یەكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 پەرلەمان مەرجەعی بنەڕەتی پرسە چارەنووسسازەكانە، بۆیە بارزانیش كە سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانە لە جێی خۆیەتی كە ئێستا پێكەوە كۆببینەوە سەبارەت بەو دۆخە نوێیەی كە هاتووەتە پێشەوە گفتوگۆ بكەین و بزانین بەرنامەی چییە كە بۆ پەرلەمان باسی بكات. "
لەبارەی ئەوەی ئایا پرسی ریفراندۆم لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی هەموو لایەنەكانی لەگەڵدایە فرسەت سۆفی لە وەڵامدا گوتی "هیچ هێزێك لە كوردستان دژی ئەوە نییە كە مومارەسەی مافی چارەی خۆنووسین بكەین".
رووداو
