ئەو قەناس بەدەستەی دوو ئەفسەری پێشمەرگەی شەهید كرد دەسوتێت

ئەو قەناس بەدەستەی دوو ئەفسەری پێشمەرگەی شەهید كرد دەسوتێت
پاش ئەوەی لە لایەن قەناس بە دەستێكەوە لە شارەدێی جەلەولا دوو ئەفسەری پێشمەرگە شەهیدكران، هێزەكانی پێشمەرگە توانیان ئەو قەناس بە دەستە بكوژن و بە پێی زانیارییەكانیش پاش كوژرانی تەرمەكەشی سوتاوە.


دوێنێ‌ لە شارەدێی جەلەولا لە لایەن قەناس بە دەستێكی داعشەوە، دوو ئەفسەری پێشمەرگە بە ناوەكانی موقەدەم ئەنوەر عەبدوڵا و رائید محەممەد رەزا شەهیدا كران.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە جەلەولا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئەو قەناس بە دەستەی داعش كە ئەفسەرەكانی شەهید كرد، ناوی "خالد مەجید هجران"ە و خەڵكی گوندی تاترانی سەر بە شارەدێی قەرەتەپەیە و بەرەگەز عەرەبی سوونەیە.

سەرچاوەكە وتیشی، پاش شەهیدبوونی ئەو دوو ئەفسەرە هێزەكانی پێشمەرگە توانیان لە رێگەی چەكی "ئار بی جی"ەوە لە ماڵیكدا ئەو چەكدارە بكوژن.

ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەی چەكدارەكە كوژرا بە پێی زانیارییەكان تەرمەكەی سوتاوە.

سەرچاوەكەی پەیامنێر ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چەكدارە پێشتر بەهۆی كردەوە تیرۆریستییەكانییەوە و هەروەها چالاكییەكانی لە ناو گروپە تیرۆریستیەكان، لە لایەن دادگاوە بە پێی ماددەی چواری تیرۆر داواكراوبوو و هەروەها چەندینجار هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەیان لە گوندی تاتران، بەڵام نەیانتوانی دەستگیری بكەن.

تەواوی شارەدێی جەلەولا جگە لە یەك گەڕەك لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و تاوەكو ئێستا چەندجارێك چەكدارانی داعش لەو گەرەكەوە رووبەری هێزە ئەمنییە كوردستانییەكان بوونەتەوە، سەرەڕای كوژرانی چەندین چەكداری داعش، لە بەرامبەریشدا چوار پێشمەرگە شەهیدكراون. ئەو گەرەكە كە ناوی "تەجنید"ە حالی حازر چەكدارانی داعش و عەرەبە سوننە توندرەوەكان بە تایبەتی عەرەبەكانی هۆزی كروی تێیدا كۆبوونەتەوە و هەرچەندە پێشتر هێزەكانی پێشمەرگە دووجار توانیان ئەو گەڕەكە كۆنترۆڵ بكەن بەڵام دواتر لێی كشانەوە.
Top