پێشمەرگە ئومولشەبابیت کۆنترۆڵ دەکات

 پێشمەرگە ئومولشەبابیت کۆنترۆڵ دەکات
هێزی پێشمەرگە لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، کۆنتڕۆڵی چوارڕێیانی ئومولشەبابیت -ی کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چەکدارانی داعش لە ئومولشەبابیت بە گولـلە هاوەن هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بریندار بوون. دوای ئەو هێرشە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا چەکدارانی داعش لە ناوچەکە کشانەوە.

چوارڕێیانی ئومولشەبابیت بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەنرێت کە لە 10 کیلۆمەتری شنگال هەڵکەوتووە و شنگال، تەلعەفەر، سنون و بلێج بەیەک دەبەستێتەوە.

هەر ئەمڕۆ لە ناوچەی رەبیعە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، دوو بۆمبی چێنراو بە هێزەكانی پێشمەرگەدا تەقینەوەو بەوهۆیەوە 5 پێشمەرگە شەهید بون و 5ی دیكەش بریندار بوون.





رووداو
Top