سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات
لە دیدارێكدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی پارێزگاكانی نەینەوا و سەلاحەدین و ناوچەكانی دیكەی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەروەها قسەیش لەبارەی چۆنیەتی و ڕێگەچارەی دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانە سیاسی و ئەمنییە گەورەیە كرا كە عێراق تووشی بووە وهەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە بۆ ئەوەی باری ئەمنیی عێراق بەرەو باشتربوون بچێت، پێویستە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ڕاست بكرێتەوە.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوو ئەم دۆخەی هێناوەتە ئاراوە و بە پێویستیشی زانی كە هەر چارەسەرێكی سیاسی دەبێ لەژێر ڕۆشنایی ئەو واقیعە تازەیە بێت كە لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە.
