تەرمی چوار خوێندکاری کورد گەیەنرانەوە جەلەولا... زیاتر لە170خوێندکاریش گیریان خواردووە

 تەرمی چوار خوێندکاری کورد گەیەنرانەوە جەلەولا... زیاتر لە170خوێندکاریش گیریان خواردووە
راوێژکارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کرد، بەھۆی تێکچوونی بارودۆخی عێراق، لەئێستادا زیاتر لە170قوتابی کورد گیریان خواردووە و لەھەوڵی گەرانەوەیاندانە. گوتیشی چوار قوتابیی كورد كە لە رێگای بەغدا رفێندرابوون کوژراون و ئەمڕۆ تەرمەکانیان گەیشتووەتەوە دەست كەسوكاریان.


راوێژکاری وەزاەرتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق، عادل نووری، بە kdp.infoی راگەیاند: لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری قوتابیی کورد بەھۆی تێکچوونی بارودۆخی عێراق لە بەغدا گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بەھۆی نەبوونی فڕۆکە و گرانیی پلیتی فڕۆکەوەیە، چونکە لە دوای ئەو بارودۆخەوە پلیتی فرۆکە بۆ 250دۆلار بەرز بووەتەوە، بەڵام لەئێستادا توانیویانە چارەسەرێک بۆ زیاتر لەو 170قوتابییە کوردە بدۆزنەوە کە پەیوەندییان بە ئەوانەوە کردووە و لە ھەوڵی گەڕاندنەوەیانن."

عادل نووری دەڵێت، "دوو ئۆتۆمبێل کە 8 قوتابیی کورد بوون و شۆفیرەکانیشیان هەر کورد بوون، لە چوارڕیانی ئەبوو سەیدا لە نێوان شارەبان و بەعقووبە رفێندرابوون، بەڵام ئێوارەی دوێنێ 4 قوتابی دیکە کە رفێندرابوون و خەڵکی جەلەولابوون، کوژراون و ئەمڕۆ تەرمەکانیان گەیشتووەتەوە دەست كەسوكاریان.

ئەو زیاتری گوت "12 قوتابی دیکەیش لە رێگای بەغدا رفێندراون و هێشتا ئازاد نەکراون. 5 قوتابیی دیکەی خەڵکی هەڵەبجە و سەیدسادق و سلێمانییش، دوێنێ بە بڕی نزیکەی 60 هەزار دۆلار ئازاد کران و ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان."

عادل نووری گوتیشی: "ھەموو کوردانی بەغدامان ئاگادار کردووەتەوە کە لە رێگای بەغدا –کەرکووک و بەغدا - جەلەولاوە ھاتوچۆ نەکەن، چونکە گرووپە چەکدارەکان دەیانڕفێنن و داوای پارە لە کەسوکارەکانیان دەکەن و ئەگەر بەھانایشیانەوە نەچن دەیانکوژن."

راوێژکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایشی کرد، "ئەمڕۆ تەرمی چوار قوتابی کورد گەیەندرانەوە جەلەولا و شوفێرێکی بارھەڵگریش کوژراوە کە کوردە و زانیاریمان بۆ ھاتوو دوو کوردی دیکەیش کوژراون و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێنن، بۆیە ئەو رێگایە مەترسیدارە بۆ ھاتوچۆ و داوا دەکەین کوردەکان بە ھیچ جۆرێک بەو رێگایانەدا ھاتوچۆ نەکەن."
Top