پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی دوو كۆبوونەوەی هاوبەشی شارەوانی و كۆمسیۆنی هەلبژاردن و قەوارە سیاسیەكان سەبارەت بە رێنماییەكانی بانگەشەی هەلبژاردن دەكات

پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی دوو كۆبوونەوەی هاوبەشی شارەوانی و كۆمسیۆنی هەلبژاردن و قەوارە سیاسیەكان سەبارەت بە رێنماییەكانی بانگەشەی هەلبژاردن دەكات
3ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگادا و بەئامادەبوونی جێگری پارێزگارو سەرۆكی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەكان و سەرۆكی شارەوانی هەولێرو قایمقامی هەولێرو بەرێوەبەرانی دامودەزگاكانی شارەوانی و ژینگەو پارك و باخچەكان، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی كرد سەبارەت بە بانگەشەی هەلبژاردن و رێنماییەكانی هەلواسین و بلاوكردنەوەی ریكلام و دروشم و وێنەی كاندیدو قەوارە سیاسییەكان و، جەخت لەسەر جێبەجێكردنی رێنماییەكان و رێگەنەدان بەهیچ جۆرە زێدەرۆییەك و لێكردنەوەی دروشمە نایاسایی و زێدەرۆییەكان كرایەوە و كۆمسیۆنیش سەرپشك دەبێت بۆ سزادان و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەل ئەو قەوارانەی كە پابەندی ئەو رێنماییانە نابن .

پاشان لە كۆبوونەوەیەكی تردا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموو قەوارە سیاسییەكانی بەشداربوو لە هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان باس لە رەوشی بەرێوەچوونی پرۆسەی بانگەشەی هەلبژاردن و وردەكاری رێنماییەكانی هەلواسین و بلاوكردنەوەی ریكلام و وێنەو دروشمەكان كراو، هەموو لا یەن و قەوارەكان ئاگاداركرانەوە بۆ پابەند بوونی تەواو بەو رێنماییانە، كە بریتین لە ئازادبوون لە هەلواسین و بلاوكردنەوەی وێنەو دروشم و فلیكس بەلام رێگەنادرێت بە هەلواسینی دروشم بەدیوارو تەلاری بالەخانەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان و باخچەو پارك و شوێنەئایینییەكان و داپۆشینی رێنماییەكانی هاتوچۆ، هەروەها رێگە بە بەكارهێنانی سەمغ و سرێش و ئەو ماددانە نادرێت كە شوێنەواری لەسەر دیوارەكان جیێدەهێلێت وبەهەموو شێوەیەك قەدەغەیەو دەسبەجێ لەلایەن شارەوانی و شارەوانییەكان لێ دەكرێنەوەو ئەو قەوارەو كاندیدانەش لەلایەن كۆمسیۆنەوە دووچاری سزای یاسایی و غەرامە دەبنەوە .
Top