پرۆژەی گەڕانەوە بۆ گوند لە بنارەكانی چیای جۆدیدا دەستی پێكرد
لەمبارەیەوە رۆژنامەی رادیكاڵی توركی بڵاویكردەوە كە لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیادا ژمارەیەكی یەكجار زۆر گوندەكانی بناری چیای جۆدی ئاوەدان كرانەوە و لە چەندین گوندیشدا هاووڵاتییان دەستیان بە ژیانی ئاسایی خۆیان كردووە.
لەم چوارچێوەیەدا چەندین دانیشتووی ئەو گوندانە بە رۆژنامەی ناوبراویان راگەیاندووە كە تا ئێستە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە گوندەكان ئاوەدانییان تێیا كەوتووە و ژیانی ئاسایی تێیایاندا بەردەوامە و ژمارەیەكی دیكەیش دووبارە ئاوەدان كراونەتەوە و ئێستە سەرقاڵی راكێشانی هێڵی كارەبان و ئەوانیش لە چەند رۆژی داهاتوودا دەبنەوە خاوەن ئاوەدانی.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە لە ساڵەكانی 1990دا بە هۆی شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیاوە زیاتر لە 3500 گوندی باكووری كوردستان چۆڵ كراون.
