ڕێنمایی کۆمیسیۆن بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن
ئهم رێنماییه لەلایەن ئەنجومەنى کۆمیسیاران پەسەند کراوە، بە پشت بەستن بە ماددەکانى 4 و 8ى یاساى هەڵبژاردنەکانى عیراق و یاساى ژمارە 1ى هەڵبژاردنەکانى هەرێم و یاساى ژمارە 1ى سەرۆکایەتى هەرێم.
ڕێنمایی ژمارە 5ى کۆمیسیۆن بریتییە لە 6 ماددەى سەرەکیی و تیایدا ماددەى یەکەم بۆ ناساندن و ماددەکانى دووەم و سێیەم و چوارەم بۆ هاوکارى ڕاگەیاندنەکان دیارى کراوە و ماددەى پێنجەم بۆ سەرپێچییەکان و ماددەى شەشەمیش بۆ جێبەجێکردن تەرخانکراوە.
لە ماددەى دووەمى ڕێنماییەکاندا هاتووە:
ئەلف- بە لەبەرچاوگرتنى مافى ڕادەربڕین کە بەپێی دەستوور و یاسا دیارى کراوە، بۆیە پێویستە دەزگاکانى ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران پابەند بن بە وردکارى و زانیارى پاک و دوور لە تانە و پێدا هەڵبەستن و نەبنە هۆکارى دوورخستنەوەى هاووڵاتیان لە پرۆسەى دەنگدان.
ب- لەسەر دەزگاکانى ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران پێویستە کە هەر زانیارییەک بەدەستیان دەگات لەبارەى کۆمیسیۆن و تۆمارى دەنگدان و دەنگدان، ئەو زانیارییانەش ئەگەر بە بەرامبەر لە کۆمیسیۆن وەرگیرا ئەوا وەک ریکلام مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت- ئەگینا وەک هەواڵێک سەیر دەکرێت.
لە ماددەى سێیەمدا لەبارەەى هاوکارى ڕگەیاندنکارانیشدا هاتووە:
1- ڕۆشنبیرکردنى دەنگدەران لەبارەى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى و پەرلەمانى کوردستان لەڕێگەى گەشتى هەواڵ و بەرنامەکانى تەلەفزیۆنى و ڕادیۆیی و دەستەبەر کردنى زانیارییەکان لەبارەى ناوەندى دەنگدان و شوێنى دەنگدان.
2- دابینکردنى کاتى پێویست و یەکسان بۆ کاندیدى سەرجەم پارێزگاکان لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە.
3- کاتى پێویست بۆ کۆمیسیۆن دیارى بکرێت بەمەبەستى ئەنجامدانى هەڵمەتى هۆشیارى هەڵبژاردن.
لە ماددەى چوارەمیشدا کە تایبەت بە ئامادەیی دەزگاکانى ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران لە ناوەندەکانى دەنگدانە، تیایدا هاتووە:
1- ڕێگە بە دەزگاکانى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان دەدەدرێت بچنە ناوەندەکانى دەنگدان و قۆناغەکانى هەڵمەتى هەڵبژاردن بگوازنەوە، ئەویش دواى ئەوەى ئەو دەزگا راگەیاندنانە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان ڕێگەیان پێدەدرێت.
2- پێویستە هەر ڕۆژنامەنووسێک کە دەچێتە ناوەندێکى دەنگدان بەم خاڵانەى خوارەوە پابەند بێت:
1-خۆی لە کارى فەرمانبەرانى کۆمیسیۆن هەڵنەقورتێنێ
2-بەبێ ڕەزامەندەى پێشوەخت وێنەى هیچ کەسێک ناگیرێت
3-پاراستنى نهێنى دەنگدەرو هەوڵنەدان بۆ زانینى دەنگدانى بەهەر لایەنێک
4- ڕۆژنامەنووسان هیچ هۆکارێک نین بۆ هێنانە ژوورەوەى دەنگدەران و ڕێلێ گرتنیان
لە ماددەى پێنجەمى هەمان ڕێنماییدا کە تایبەت بە سەرپێچییەکان هاتووە:
1- کۆمیسیۆن مافى لێسەندنەوەى مۆڵەتى کارکردنى دەزگاکانى ڕاگەیاندنى سەرپێچیکارى هەیە لە ڕۆژى هەڵبژاردنەکان
2- کۆمیسیۆن دەتوانێت سەرپیچی دەزگاکانى ڕاگەیاندن بۆ وەزارەتى رۆشنبیری بەرزبکاتەوە بەمەبەستى ئەنجامدانى ڕێکارى یاسایی
3- کۆمیسیۆن بۆی هەیە مافى داواکارى پێشکەش بە وەزارەتى رۆِشنبیری بکات بۆ تۆمارى ئەو بەرنامانەى کە دەزگاکانى ڕاگەیاندن بڵاوى دەکاتەوە.
4- کۆمیسیۆن بۆی هەیە ئەو سەرپێچییەى کە بە بەڵگەوە دەستى دەکەوێت، دۆسیەى ئەو سەرپێچییە ڕەوانەى دادگاى تایبەتمەند بکات.
جێگاى ئاماژە بۆ کردنە بەپێی دەستوورى عیراقى فیدراڵ پێویستە زمانى کوردى زمانى فەرمى بێت لەپاڵ زمانى عەرەبی، بەڵام ئەو ڕێنماییانە تەنها بە زمانى عەرەبی بڵاوکرانەوەتەوە.
