لە داهاتوودا پاركێكی ژینگەیی بە قەبارەی 37500 مەتری چوار گۆشەیی لە پارێزگای هەولێر دروست دەكرێت

لە داهاتوودا پاركێكی ژینگەیی بە قەبارەی 37500 مەتری چوار گۆشەیی لە پارێزگای هەولێر دروست دەكرێت
29ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گولان میدیا)- وەزارەتی پلاندانان بودجەی پرۆژەكانی دەستەی ژینگە و مین و دەستەی وەبەرهێنان بۆ 2014 تاوتۆ دەكات، لە میانەی كۆبوونەوەكانی د . عەلی سندی وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەكاری بودجەی 2014 بە جیا لە گەڵ هەر یەك لە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و مین و ژینگە كۆبوونەوەی بەمەبەستی پەرپێدان بە بودجەی دەستەكانی ئاماژە پێكراو ئەنجامدا، دەستەی مین لە هەرێمی كوردستان كار لەسەر خێراكردنی پاككردنەوەی كێلگە كشتوكالییەكان دەكات، دەستەی وەبەرهێنانیش لە گفتوگۆی چڕ دایە سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2014 بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی زیاتر و باشتری وەك پرۆژەی وەبەرهێنانی گەیاندنی كارەبا و ئاوو ئاوەڕۆ و پرۆژەی سندوقی نیشتەجێ بوون و وەبەرهێنان لە پارێزگاكان و قەزاكانی هەرێمی كوردستان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولی باشتركردنی ژینگەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ هەمان مەبەستیش حكوومەتی هەرێم لە بەرنامەی دایە 3 بالەخانەی تایبەت بە ژینگە لە هەرسێ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات. بەرنامەی دروستكردنی پاركێكی ژینگەیی بە قەبارەی 15 دۆنمی كە دەكاتە 37500 مەتری چوارگۆشەیی لە هەولێر لە داهاتودا قۆناغی یەكەمی دەست پێدەكات، لە كۆبوونەوەی ئامادەكاری بودجەی 2014 دەستەی ژینگە جەخت لەسەر دروستكردنی وێستگەیێكی پێوانەی جۆری كەش و هەوا لە كوردستان دەكاتەوە .

گفتوگۆ و دانیشتنەكانی وەزیری پلاندانان لە گەڵ وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێم لە سەر ئامادەكارییەكانی بودجەی 2014 بەردەوام دەبێت، هەتا هەموو وەزارەتەكان باشتر و خێراتر لە ساڵانی رابردوو بودجەی وەزارەتەكانیان ئامادە بكەن .
Top