سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كۆمیساریای باڵای پەنابەران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوی پڕۆگرامی جیهانیی خۆراك دەكات
لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو دیدارە ڕاگەیاند و سەرۆكی كۆمیساریای باڵای پەنابەران سوپاس و پێزانینی خۆی و ئەندامانی شاندەكەی بە سەرۆك بارزانی و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند بۆ ئەو بەخشندەیی و یارمەتیدانەی كە پێشكەشی ئاوارەكانی سووریا كراوە و گوتی: زۆر سپاستان دەكەین ئەم خەڵكە پێویستیان بە جەنابت هەیە و وەك مەرجەعێك سەیرت دەكەن. سپاسی گەل و حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ ئەو كارە مەزنەیان. ئەوە نیشان دەدات كە گیانی بەخشندەیی و خێرخوازی لە هەرێمدا زۆر بەهێزە\". ئەنتۆنیۆ گیتەرز لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاشكرای كرد كە ڕێكخراوەكەی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری و یارمەتی بۆ پەنابەران و داوایشی لە حكوومەتی هەرێم كرد كارئاسانی بۆ هەماهەنگی و كارەكانیان بكەن. سەرۆكی كۆمیساریای باڵای پەنابەران لەو دیدارەدا داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە بەشێك لە ئەجێندای كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ یارمەتیدانی مەعنەوی و هەستی مرۆڤدۆستی بەرانبەر پەنابەرە كوردەكانی سووریا تەرخان بكرێت.
دواتر خاتوو خاتوو ئیرسارین كازن بەرێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوی پڕۆگرامی جیهانیی خۆراك وێڕای سوپاسگوزاریی سەرۆك بارزانی باسی ئامادەكارییەكانی ڕێكخراوەكەی كرد بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان بە تایبەت لە مەسەلەی هاوكاریی خۆراك و كاركردن بۆ ئەوەی هیچ ئاوارەیەكی نێو كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكان بە برسییەتی نەمێننەوە. سەرۆكی پڕۆگرامی جیهانیی خۆراك سوپاس و پێزانینی خۆشی بۆ حكوومەتی هەرێم ڕاگەیاند و دەستخۆشی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: \""هەوڵ و كارەكانتان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان ئەوەندە بەرچاو و خێرا بووین هەموومانی ئیحراج كرد و وای كرد خێرا خۆمان بگەیێنە ئێرە. ئێوە خۆراكتان لەسەر سنوورەكان پێشكەشی ئاوارەكان دەكرد دەبوایە ئێمە پەلە بكەین بگەینە قاچەكانتان\"". لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا شاندەكە باسیان لەوە كرد كە جیهان ئاگاداری هەوڵ و ماندووبوونەكانی حكوومەتی هەرێم و خەڵكەكەیەتی و بەرزی دەنرخێنێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هاتنی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لە هەوڵ و كارەكانی كردن و ئامادەیی هەمەلایەنەی دامودەزگای حكوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند بۆ هاوكاریكردن و هەماهەنگی و كارئاسانی بۆ هەر دوو ڕێكخراوی پڕۆگرامی جیهانیی خۆراك و كۆمیساریای باڵای پەنابەران و ئاماژەشی بەوەدا كە گەلی كوردستان یارمەتیدانی ئاوارەكان بە ئەركێكی مرۆڤی و نەتەوەیی خۆی دەزانێ و بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدانیان. سەرۆك بارزانی داوایشی كرد كە یارمەتییەكانی كۆمیساریای باڵای پەنابەران و ڕێكخراوی جیهانیی خۆراك لەنێو سووریاشدا بگاتە خەڵك بە تایبەت ئەوانەی باری ژیانیان ناخۆشە و لە بەرەكانی جەنگەوە دوورن. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پەیامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی بۆ شاندی میوان باس كرد كە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و دیموكراسییە بۆ جیهانی دەرەوە و گەلانی ناوچەكە.
بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكە و باسكردنی مێژووی نەهامەتییەكانی گەلی كورد تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو. "
