سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەفدێکی ھاوپەیمانی نیشتیمانیی عێراق دەکات

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەفدێکی ھاوپەیمانی نیشتیمانیی عێراق دەکات
ئەمرۆ لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە خوزەیر خوزاعی جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵی و شاندی ھاوڕێی لە ھاوپەیمانی نیشتیمانیی عێراق کە پێکھاتبوون لە حەمید موعەلم نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و بەھا ئەعرەجی نوێنەری تەیاری سەدر و عەمار توعمە نوێنەری حزبی فەزیلە و خالد ئەسەدی و حەسەن سنێد نوێنەرانی حزبی دەعوەی ئیسلامی.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، حوزەیر خوزاعی سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارەکە و ئاماژەی بەوەدا پڕۆسەی سیاسی عێراق رووبەڕووی تەحەددیاتی گەورە دەبێتەوە کە دەخوازێت چارەسەری پەلە و واقیعی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەویش پێویستی بە لەیەکتێگەییشتنی ھەموو لایەنەکانی عێراق ھەیە. ھەروەھا ئەندامانی شاندەکەی ھاوپەیمانی نیشتیمانی باسیان لە گرنگی پەیوەندی مێژوویی نێوان کورد و شیعە کرد و کوردیان بە ھۆکاری سەقامگیری عێراق داناو ڕایانگەیاند ھاتنەکەیان بۆ بەھێزکردنی ئەم ھاوپەیمانێتیەیە و ئاماژەیان بە گرنگی بەشداربوونی سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق لە بەرێوەبردنی دەوڵەت کرد.

وەفدی میوان ڕایانگەیاند کە ھاوپەیمانی نیشتیمانی دەستپێشخەرییەکیان بەدەستەوەیە بەناوی (ئاشتی کۆمەڵایەتی) بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و بەرقەرارکردنی پێکەوەژیان ئەویش لەڕێی گرتنەبەری شێوازی ئاشتییانە و گفتوگۆ وەکو بنەمای کارکردنی نێوان لایەنەکان و ھەر بۆ ئەو مەبەستەش وێنەیەک لەو دەستپێشخەرییەیان پێشکەش بە جەنابی سەرۆک کرد بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بەشدار بێت کە لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەدا لە داھاتوو دەبەسترێت.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندەکەی ھاوپەیمانی نیشتیمانی، باسی لەوە کرد کە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە بووەتەوە و بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە پێویستی بە ھەموو جۆرە ھەوڵێک ھەیە. ھەروەھا باسی لەوە کرد ئەزموونی رابردووی عێراق سەڵماندوویەتی حوکمی عێراق بە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی پێکھاتە و لایەنەکان سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەنیا بە تێگەیشتن و بەشداری سەرجەم لایەنەکان دەھێتە دی.


سەرۆک بارزانی جەختی لەوش کردەوە کە پەیوەندی نێوان کورد و شیعە گرنگ و ستراتیژییە و سەرچاوەی سەقامگیرییە بۆ ھەموو عێراق و دەستپێشخەرییەکەی ھاوپەیمانی نیشتیمانی بە گرنگ زانی و پشتیوانی خۆی بۆ سەرکەوتنی دەربڕی و جەختی کردەوە کورد لەگەڵ ھەموو ھەنگاوێکدایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عێراق.
Top