پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان
جێگەی خۆشحاڵی و ئومێدێكی زۆرە ئەمڕۆ دەبینین هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستانە كە بە دڵنیاییەوە هەنگاوێكی پڕبایەخە بۆ دەوڵەمەندتركردنی ئەزموونی دیموكراسی لە وڵاتەكەماندا. بەو بۆنەیە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی خۆم بە گەلی سەربەرزی كوردستان و تێكڕای حزب و لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن ڕادەگەیێنم و، هیوادارم ببێتە هۆی قووڵتربوونی بنەماكانی حوكمی گەل و هۆكارێك بێت بۆ گەشەسەندنی سیاسی لە كوردستاندا.
ئێستا كە لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستانداین، داوا لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و ئەندام و لایەنگر و هەوادارەكانیان و گشت هاووڵاتییە خۆشەویستەكان دەكەم بە هەموو توانایەكەوە هەوڵ بدەن ئەو هەڵمەتە لە كەشێكی ئارام و دوور لە كێشە و هەڵچوون و هەروەها بەشێوەیەكی سەردەمیانە و مەدەنی ئەنجام بدرێت و نەبێتە هۆی تێكدانی ژیانی ئاسایی خەڵك.
پاراستنی نەریتە دیموكراتییەكان و ئاسوودەیی هاووڵاتیان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێگە و ناوبانگی هەرێم ئەركی هەموو لایەكە و پێویستە پابەندیان بین. داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش دەكەم هەموو هەوڵێكیان بخەنەگەڕ تا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییە یاساییەكان و بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
28ـی 8ـی 2013
