بەھێزکردنی رۆڵی کارامەیی ئافرەت لە پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری لە خولێکدا

بەھێزکردنی رۆڵی  کارامەیی ئافرەت لە پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری لە خولێکدا
28ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گولان میدیا)- بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خولی توانای سەرکردایەتیی ئافرەتان لە بواری پەرەپێدانی توانستیان و بەشدریکردنیان لە بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و ڤێتەرنەری و کارگێڕی لە دیوانی وەزارەت کرایەوە ، لەم خولەدا کەلەلایەن بەشی پەرەپێدانی توانای ئافرەتان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرپەرشتی خاتوو زەرین ھەینسوۆرس بەڕێوەبەری گشتی سیرین بۆ پەیوەندییەکان بەڕێوە دەچێت، ژمارەیەکی ھەڵبژێردراوی فەرمانبەران لە زۆربەی پسپۆڕییەکان لە دیوانی وەزارەت و دامودەزگاکان و فەرمانگەکانی وەزارەت بەشداری تێدا دەکەن،ئامانجەکانی ئەم خولە بریتییە لە فێرکردنی بەشداربووان تاکو پەرە بە تواناو لێھاتووییەکانیان بدەن و تەرخانکردنی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەموو روویەکەوە،لە دەستپێکی خولەکەدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وێرای سوپاسکردنی رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە، دووپاتیشی کردەوە کە وەزارەت سوورە لەسەر پەرەپێدانی توانای فەرمانبەرانی ئافرەت لەسەرجەم دامودەزگاکانی تاکو رۆڵی ئەکتیڤتر ببینن لەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانیانە و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە ئەولەویاتی حکومەت،داواشی کرد بە پابەندبوون بە کات و پرۆگرامی خولەکە ، بەمەبەستی وەرگرتنی سوود لە شارەزایی UN و پەرەپێدانی تواناو لێھاتوویی ئافرەتان و جەختیشی کردەوە کە وەزارەت ھەموو توانایەکی دەخاتەگەڕ بۆ دابینکردنی ئاسانکاری و ھاوکاری لە پێناو دروستکردنی ئافرەتی بەتواناو لێھاتوو کە لە داھاتوودا بەشداری دەکەن لە ھۆشیارکردنەوەی جووتیارانی ئافرەت لە گوندو شوێنە دوورەدەستەکان تاکو ئەوانیش رۆڵی خۆیان ھەبێت لە پێگەیاندنی نەوەیەکی بەتواناو نواندنی دڵسۆزی بۆ خاک و میللەتەکەیان،لە لای خۆیەوە خاتوو زەرین سەرپەرشتیاری خولەکە ئەمەی بە ھەنگاوێکی بەرز نرخاند و ئامادەیی خۆی و نەتەوە یەکگرتووەکانی دەربڕی بۆ بەردەوامبوونی ئەم جۆرە خولانە بە ئامانجی پێگەیاندنی کادیرانی ئافرەت ، شایانی باسە بەرنامەی ئەو خولە کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت ھەردوو لایەنی تیۆری و پراکتیکی لەخۆدەگرێت لەوانە چۆنێتیی داڕشتنی پلانێکی تۆکمە لە ماوەیەکی کورتخایەن و درێژخایەن بە ئاوێتەکردنی حەزو ئارەزووەکان بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا مرۆڤێکی کارامەو بەتوانیان لێ دەربچێت کە بتوانن خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن و توێژینەوە و پلان ئامادەبکەن بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەو سازدانی کۆبوونەوەو لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان کە دێنە بەردەم ئیشو کارەکانیان لە کەرتی کشتوکاڵدا و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم فشار و ناکۆکییەکان.
Top