ئێرلەندای باكور، شاندی حكومەتی هەرێم چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا

ئێرلەندای باكور، شاندی حكومەتی هەرێم چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا
28ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گولان میدیا)- دوابەدوا گەشتنی شاندی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بۆ شاری بەلفاست پایتەختی ئێرلەندای باكور، بەرەو شاری فەرمانە بەڕێكەوتن و لەلایەن نوێنەرانی حكومەتی ئێرلەندای باكور بەگەرمی پێشوازیان لێكرا.

لە چوارچێوەی بەرنامەی سەردانەكەیان شاندی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی فراوانیان لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەت و دامەزراوەی كشتوكاڵ و خوێندنی باڵاو گەشتوگوزار و دەستەی وەبەرهێنان و ژووری بازرگانی و دامەزراوەی ئاسایش لە ئێرلەندای باكور ئەنجامدا بۆ بەدواداچوون و دانانی پەیڕەوێكی كردارەكی بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی یاداشتنامەی لە یەكگەیشتن.

لەسەرەتای كوبوونەوەكە بەڕێز نۆیل جۆنهستن جێگری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و بەرپرسی نووسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیای ئێرلەندای باكور و ئەندامی لیژنەی ڕاپەڕاندن شاندی حكومەتی هەرێمی بە گەرمی بەخێر هێنا و خۆشحاڵی خۆیانی دەربڕی بە سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم و دواتر پوختەیەكی لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، هەروەها ناوبراو تیشكی خستە سەر چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرلەندای باكور.

دواتر بە مەبەستی ئاشنابوون بە ئاستی شارەزایی و ئەزموونی ئێرلەندای باكور لە بوارەكانی كشتوكاڵ و وەبەرهێنان و خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی تواناكان و گەشت و گوزار و جولەی بازرگانی، نوێنەرانی ئێرلەندای باكور چەندین پرێزنتێشنیان پێشكەش كرد بۆ ناساندنی ئەو كەرتانەی كە لەچوارچێوەی یاداشتننامەی لەیەكگەیشتن هاتوون كە لە نێوان هەردوولادا واژووكراوە. لە میانەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی تێرو تەسەل كرا دەربارەی چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی ئێرلەندا و میكانزمی هەماهەنگی و هاوكاری كردن بۆ سوود وبەرژەوەندی هەردوولا.

هەر لە كۆبوونەوەكاندا هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە دەرفەتی زۆر هەیە بۆ هەماهەنگی وهاوكاری كردن و لایەنی ئێرلەندای باكور ئامادەیی دەربڕی بۆ بەشداری كردنی كارا لە پڕۆسەی بوونیادنانەوە و پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان و دروست كردنی ژێرخانی بەهێز و پێشكەوتوو بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتیەكان.


نوێنەرانی حكومەتی ئێرلەندای باكور پێكهاتبوون لە پڕۆفیسۆر مارگرێت پاتەرسەن، سەرۆكی لقی مایكڕۆبایۆلۆجی لە پەیمانگای زانستنی زیندەورزانی و خۆراك و كشتوكاڵ. خاتوو ڤێكی كێل بەڕێوەبەری بازرگانی لە دەستەی وەبەرهێنان، خاتوو یودیس شان لە وەزارەتی دامەزراندن و فێركردن. پاتریك مەكماكین بەڕێوەبەری جێبەجێ‌ كار و گێری سیلەری لە دامەزراوەی هەماهەنگی (NICO)، خاتوو كاسرین تۆمپسەن بەڕێوەبەری باڵای ڕاپەڕاندن لە دەستەی گەشتوگوزار وباری كلارك بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا لە دەستەی وەبەرهێنان و نازم مستەفا بەرپرسی نووسینگەی دەستەی وەبەرهێنانی ئێرلەندای باكور لە هەولێر.

هاوكات ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم پێكهاتووە لە خاتوو بەیان سامی عبدالرحمن نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا و د. بێریوان خەیلانی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لیوا ئسماعیل یابا خالند و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و دارا خەیلانی نوێنەری فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سامان عارەب نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان و دارا جلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و د.غازی فایق نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و هۆشنگ محمد لە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و ئەندامی لیژنەی ڕأپەڕاندن و هاگوب سیرۆپ نوێنەری دەستەی گەشت و گوزار و نەوال كەریم لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا.

لە كۆتاییدا هەردولا هاوڕا بوون كە لەسەر ئەوەی چەندین خاڵی بەهێز لە نێوان هەردوولادا هەیە كە رێگە خۆشكەرە بۆ دروست كردنی پەیوەندیەكی پتەو لە پێناو خزمەت كردنی گەلی هەرێمی كوردستان و ئێرلەندای باكور.
Top