لیژنەی ئابو‌وری و ژینگەی كۆنگرەی نەتەوەیی پەیامێك ئاراستەی توركیا دەكات

 لیژنەی ئابو‌وری و ژینگەی كۆنگرەی نەتەوەیی پەیامێك ئاراستەی توركیا دەكات

شارەزایەكی بواری ژینگە داوادەكات ستراتیژێكی نەتەوەیی بۆ ژینگە لە هەرچوار پارچەی كوردستان درووست ببێت و بۆ ئەو مەبەستەش بەستنی كۆنفرانسێكی ژینگەیی بە پێویست دەزانێت. هاوكات داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بكاتەوە بە وەزارەت.

عەبدولڕەحمان سدیق، وەزیری پێشووتری ژینگەی عێراق و ئەندامی كۆمیسیۆنی ئابووری و ژینگە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، بەشداریی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆی) تەلەفیزیۆنی (رووداو)ی كرد و پێكهێنانی لیژنەی ئابووری و ژینگەی لە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد روونكردەوەو گوتی: \"لەبەر ئەوەی پرسی ژینگە هاوتا لەگەڵ ئابووری لە كۆمیسیۆنێك دانراون، چونكە لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە ئابوورییانەی چاوەڕوان دەكەین لە وڵاتەكەمان بەدی بێت، كۆمەڵێك كێشەی ژینگەیی بە دوای خۆیدا دێنێت، بۆیە پێویست بوو ئابووری و ژینگە بەیەكەوە باسیان لێوە بكرێت\"".

گوتیشی: \""هۆكاری لیژنەدانان بۆ ژینگە لەنێو لیژنەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەگەر سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەورووبەریش كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گرفتەكان بكەن، ئەوا ژینگە گرفتەكانی نێو چارەسەرییەكانی ئەوان دەبینێتەوە\"".

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی شەڕ لەسەر ژینگەی پارچەكانی كوردستان و كاری لیژنەی ئابووری و ژینگە، عەبدولڕەحمان سدیق گوتی \"" نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2001ەوە 6/11 دیاریكردووە بۆ ئەوەی رێگە لە وڵاتان بگرێت ژینگە وەكو بابەتێكی جەنگ بەكارنەهێنن، كە لیژنەی ئابووری و ژینگەی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد هەوڵ دەدات ئەمە لەو وڵاتانە بگەیەنێت كە كوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، هاوكات ئێستا لە دنیادا كار بۆ ئەوە دەكرێت پرسی تێكدانی پێكهێنەرەكانی ژینگە بكرێتە چوارەم تاوانی گەورە كە ئێستا جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و پەلاماردانە\"".

بەنداوی ئەلیسۆ، یەكێكە لەو بەنداوانەی لە باكووری كوردستان درووست دەكرێت، بەتەواوبوونیشی 200 گوندی كوردستان دەخاتە ژێر ئاوەوە، لەو بارەیەوە گوتی \""ئێمە لە لیژنەكەمان بە توركیا دەڵێین، درووستكردنی بەنداوی گەورە باوی نەماوە، كە ناتوانێ ئاوی ژێرزەویشمان بۆ زیاد بكات، هاوكات مایەی بوومەلەرزەشە لەو وڵاتە، ئێمەش وەك راسپاردە ئەو پێشنیازە دەخەینە بەردەم كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئەوەی فشار لە توركیا بكات بۆ ئەوەی رایبگرێت\"".

لیژنەی ئابووری و ژینگە لە 20 كەس پێكدێت، سەبارەت بە كاریگەرییەكانی لیژنەی ئابووری و ژینگە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش بووە و رێگەگرتن لە تێكدانی ژینگەی كوردستان گوتی \""دوای تەواوبوونی كۆنگرەی نەتەوەیی، هەوڵ دەدەین كۆنگرەیەكی نەتەوەیی ژینگەیی ببەسترێ، كە تێیدا سەرجەم رێكخراوە ژینگەییەكانی جیهان بانگهێشت بكرێن، كە تەنیا لە باشووری كوردستان 64 رێكخراوی ژینگەیی بوونیان هەیە\"".

عەبدولڕەحمان سدیق، كە شارەزایەكی بواری ژینگەییە گوتیشی \""پێویستمان بە ستراتیژێكی نەتەوەیی ژینگە هەیە، كە هەموو كوردستانی گەورە وەك یەك ژینگە تەماشا بكات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە پرسی ژینگەی هەرێمی كوردستان لە ژینگەی هاوبەشی وڵاتانی دیكە جیا بكەینەوە\"".

شارەزاكەی بواری ژینگە داوایكرد دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بكرێتەوە وەزارەت لە هەرێمی كوردستان، بەوپێیەی كاتێك دەستەیە سەرۆكی دەستە بۆی نییە لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بەشدار ببێت، لەبەر ئەوەی پلەكەی نزمتر كراوەتەوە بۆ ئاستی بریكاری وەزیر و بەو شێوەیەش ناتوانێ كێشە ژینگەییەكان بگەیەنێتە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران.

ئاماژەی بەوەشدا كە هەرێمی كوردستان هەڵەیەكی گەورەی كردووە كە یاسای وەبەرهێنانی بەر لە یاسای دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە پەسند كردووە \""كاتێك یاسای ژمارە 8 ی ساڵی 2008 كە تایبەتە بە پاراستن و چاككردنی ژینگە پەسەند كرا، یاسای وەبەرهێنان پێشیكەوتبوو كە لەساڵی 2007 پەسەند كراوە\"".

ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان 13 هەزار و 250 كۆمپانیای لۆكاڵ و 2 هەزارو 400 كۆمپانیای بیانی كار دەكەن، \""ئەو كۆمپانیایانە لە خەمی قازانجدان، بۆیە دەبوو بەجۆرێك بێت كە كارەكانیان بەپێی بنەماكانی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە بێت\"".

كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەنێوان رۆژانی 15 و 16 و 17 ی ئەیلول بە بەشداری 600 ئەندام و 300 میوان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
















رووداو"
Top