سەرۆكایەتیی هەرێم بەكاربردنی چەكی كیمیایی لە سووریا سەرکۆنە دەکات
دەقی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ناوخۆی سووریاوە دێن لە شەڕی نێوان هێزەكانی حكوومی و ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتەدا بە تایبەت لە ناوچەكانی دەرووبەری شاری دیمەشق چەكی كۆمەڵكوژی كیمیایی بەكار هاتووە. ئێمە بە گشت لایەكی ڕادەگەیێنین كە خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەر لایەك لە ئێش و ئازارەكانی بەكارهاتنی ئەو جۆرە چەكە دەگات چونكە خۆی گەورەترین قوربانی ئەو چەكە بووە و بەشێوەیەكی دڕندانە لە دژی بەكار هاتووە. بۆیەشە هەروەك چۆن لە ڕابردوودا دژی بەكارهاتنی چەكی كیمیایی بووە ئێستا و لە داهاتوویشدا دژی كردەی نامرۆڤانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییە لە هەر شوێنێكی جیهان بێت.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانە و سەركۆنەی ئەو كارە قیزەوەن و نامرۆڤانەیە دەكات داوایش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە جیهانییەكان دەكات زۆر بە پەلە سنوورێك بۆ ئەو كردەیەدا بنرێت كە دژی هەموو جۆرە بەهایەكی ئەخلاقی و مرۆڤییە و بە زووترین كات لایەنە ئەنجامدەرانی ئاشكرا بكرێن و ڕێوشوێنی پێویستیان لەبەرانبەردا بگیرێتە بەر و سزا بدرێن. هەر لێرەشدا هاوخەمیی خۆمان بۆ كەس و كاری قوربانیانی ئەم كارەساتە و گەلی سووریا ڕادەگەیێنین و هیواخوازین هەرچی زووترە كۆتایی بە شەڕ و كاولكاری و نەهامەتییەكانی گەلی سووریا بێت.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
23ـی 8ـی 2013
