ئەحمەد تورك: یەكێتی و ئاشتی كوردان یەكێتی و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەراستە
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رەوانبێژ بڵاویكردووەتەوە كە هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئەحمەد تورك سەبارەت بە روودا و پێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان و ناوچەكە رایگەیاندووە كە گەورەترین رووداوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە دەتوانێت كاریگەری لە سەر سەرانسەری ناوچەكە و هاوسەنگییەكانی ناوچەكە بكات كۆنگرەی نەتەوەیی كوردە.
ئەحمەد تورك ئاماژەی بەوە كردووە كە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كاریگەرییەكی یەكجار زۆری لە سەر روودا و هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە دەبێت چوونكە یەكێتی و ئاشتی نێوان گەلی كورد بە مانای یەكێتی و ئاشتی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە.
تورك لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە چارەنووسی گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا یەك چارەنووسە و ئەگەر گەلی كورد ئازاد بێت ئەوا زۆرتر دەتوانێت خزمەتی ئاشتەوایی ناوچەكە بكات.
