پەیامێک لەسەرۆک بارزانی سەبارەت بە هاتنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی کوردی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
وەک هەموو لایەک ئاگادارن لە چەند مانگی پێشوودا و هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی سووریاوە دەیان هەزار لە خوشک و برا کوردەکانی ڕۆژئاوا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لە کەمپەکاندا نیشتەجێ بوونە. بە داخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش وەک پێویست ئاوڕی لەو پەنابەرانە نەداوەتەوە کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا بەهۆی ئەو گرفتانەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەن ژمارەیەکی زۆری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویان کردووەتە هەرێمی کوردستان. لێرەدا دەمەوێت سپاس و دەستخۆشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بکەم بۆ وەرگرتنی پەنابەران و یارمەتیدانیان و گواستنەوەیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی خوشک و برای کوردمان لە ڕۆژئاوا بابەتێکی هەستیارە و ئێمە نامانەوێ ڕۆژئاوا چۆل بکرێت و کوردی تێدا نەمێنێت. مانەوەی کورد لە ڕۆژئاوا پێویستە بۆ ئەوەی داوا و مافە نەتەوەییەکانی نەکەونە ژێر مەترسییەوە.
وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤانە دەبێ هەموو لایەکمان بەپیر ئەو خەمە بڕۆین و داوا لەو کەس و لایەنانەی کە توانایان هەیە و هەروەها داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم کە هاوکاری حکوومەتی هەرێم بن لە یارمەتیدان و نیشتەجێکردنی ئەو خوشک و برا ئازیزانە کە لەبەر ستەم و کاولکاری پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییە مرۆڤدۆستەکانیش دەکەم کە لە یارمەتیدان و بەهاناچوونی پەنابەراندا هاوکارمان بن چونکە حەواندنەوە و دابینکردنی پێداویستیی ژیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر بارێکی قورسە لەسەر شانی هەرێم و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کار بە ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی لەمەڕ پەنابەران بکات.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
18ـی 8ـی 2013
