بارزانی داوا لە لایەنەكان دەكات بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەرووی بەرژەوەندیی حیزبی دابنێن
لە راگەیەنراوەكەدا بارزانی دەڵێت:\"" لە یادی 16ـی ئابدا داواتان لێ دەكەم هەموومان بۆ ئەو بەها و ئامانجانە بگەڕێینەوە كە پارتی لەپێناویدا دامەزرا، كە ئەویش ئازادی و ئاشتی و دیموكراسیخوازی بووە و كار بەو بەها و ئامانجانە بكەین و گەشەی پێ بدەین\"".
دەقی راگەیەنراوەكە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی شەستوحەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو گەلی كوردستان دەكەم. دامەزراندنی پارتی لە 1946ـدا زەڕوورەتێكی مێژوویی بوو بۆ درێژەپێدانی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەو ساتەوەختە ناخۆشانەی كە دوژمنان و داگیركارانی كوردستان بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی كپكردنی شۆڕش و سەرهەڵدانی گەلی كوردیان دەدا.
دامەزراندنی پارتی ئاواتی دوژمنانی لە گۆڕ نا و ئەو پەیامەی بە نەیارانی گەلی كوردستان گەیاند كە گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزە بۆ بەردەوامبوون لە ئازادیخوازی و خەباتی بێوچاندا. دامەزراندنی پارتی ئەزموونێكی كەموێنە لە مێژووی سیاسیی گەلی كورد بوو. چونكە پارتی بەرهەمی یەكدەنگیی پێشمەرگە و خەباتگێڕ و ڕۆشنبیر و سیاسی و هاووڵاتیی و گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی بوو.
پارتی هیچ كات لە سنوورێكی جیۆگرافی و هزریی دیاریكراودا كورت نەكرایەوە و توانی بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی مێژووی سیاسیی گەلی كورد كە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو بەرپا بكات و لە هەموو قۆناغەكانی ژیانی سیاسیی كوردستان هەتا قۆناغی ڕزگاری و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان ڕۆڵێكی سەرەكی و یەكلاییكەرەوەی هەبووە. دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش مایەی ئومێد و بەردەوامبوون لە شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كورد بوو. پارتیی دیموكراتی كوردستان خۆی بە هیچ ئایدیۆلۆژییایەكی بەرتەسك و هزری شۆڤێنی و توندڕۆیی نەبەستەوە و بووە چەترێك بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەژێریدا كۆببنەوە و ئەوە خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی بێوێنە و سەردەمیانە بوو لە پێشكەوتنی هزری سیاسی لە كوردستاندا. پارتی هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی بووە و بەردەوامیش ئامادە بووە بۆ بەرگریكردن لە كورد و كوردستان.
خەڵكی خۆشەویستی كوردستان
ئێستا لە سەردەمێكدا دەژیین كە لەهەموو كاتێك زیاتر گەلەكەمان هیوای بە دواڕۆژێكی گەش و پڕئومێد هەیە و بۆ یەكەمین جارە لایەنەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان بەنیازی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردن بۆ ئەوەی پەیامی ئاشتیخوازی بۆ گەلانی ناوچەكە بنێرن. بۆیەشە لەهەموو كاتێكیش زیاتر پێویستیمان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و تەبایی و هەڵسوكەوتی كوردپەروەرانە و نیشتیمانی و سەردەمیانە هەیە. بە پێویستی دەزانم لەم یادە شكۆدارەدا داوا لە گشت ئەندام و لایەنگر و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بكەم بە هەموو هێز و توانایەكیان یارمەتیی پاراستنی برایەتیی و هاودەنگیی نەتەوەیی كوردستانیان بدەن و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەرووی بەرژەوەندییە بەرتەسكەكانی حزبی و سیاسی دابنێن. لە یادی 16ـی ئابدا داواتان لێ دەكەم هەموومان بۆ ئەو بەها و ئامانجانە بگەڕێینەوە كە پارتی لەپێناویدا دامەرزرا كە ئەویش ئازادی و ئاشتی و دیموكراسیخوازی بووە و كار بەو بەها و ئامانجانە بكەین و گەشەی پێ بدەین.
لەو یادە پیرۆزە هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان و كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان دەنێرم و، 16ـی ئاب لە گشت لایەك پیرۆز بێت.
بژی كورد بژی كوردستان
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان"
