سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێشوازی له سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی بۆب كۆركه‌ر و شاندێكی یاوه‌ری كرد
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه به‌ڕێز سه‌رۆكی دیوان دوای به‌خێرهێنانی سیناتۆر بۆب كۆركه‌ر و شاندی یاوه‌ری، رێز و سڵاوی به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی پێیان راگه‌یاند و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی به‌رده‌وامیی سیاسه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای به‌رامبه‌ر به عێراق كرده‌وه له رووی پاڵپشتیكردن له عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵ و پابه‌ندبوون به ده‌ستوور.
له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه سیناتۆر بۆب گوتی ئه‌و خۆشحاڵه به‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق و ناوچه‌كه ده‌رفه‌تی بۆ ره‌خسا تاوه‌كو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له نزیكه‌وه په‌ره‌سه‌ندن و ئاوه‌دانكاریی هه‌رێم ببینێ.
دواتر فوئاد حوسێن سه‌باره‌ت به ره‌وشی ئه‌منی و سیاسی له عێراق بۆ شاندی میوان دوا و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان رۆڵی ئیجابیانه‌ی هه‌بووه بۆ خزمه‌تگه‌یاندن به پرۆسه‌ی دیموكراسی و سیاسی و بنیاتنانی عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كه زامنی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته جیاجیاكانی عێراقه. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی دووپاتكرده‌وه كه پابه‌ندبوون به ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و گرتنه‌به‌ری شێوازی دایه‌لۆگ تاكه رێگایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه و قه‌یرانێك.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، سه‌رۆكی دیوان باسی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق وهه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك و وڵاتانی دراوسێ كرد له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش؛ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه كرد له‌گه‌ڵ توركیا و كۆماری ئیسلامی ئێران.
سه‌باره‌ت به ره‌وشی سووریاش؛ فوئاد حوسێن تیشكی خسته سه‌ر ئه‌و كێشه و ئاڵۆزیانه‌ی ئه‌مڕۆ له له‌و وڵاته ده‌گوزه‌رێ و باسی له‌وه كرد كه ئه‌و كێشانه ئاكام و كاریگه‌ریه‌كانی به‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ش هه‌یه و له‌مباره‌یه‌وه سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ڕوو كه خوازیاری كۆتاییهێنان به شه‌ڕ و كوشتار و توندوتیژی و دابینكردنی مافی گه‌لی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌یه له سووریای ئاینده‌دا.
له درێژه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی زیاتر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دۆستایه‌تی گه‌لی كوردستان و گه‌لی ئه‌مه‌ریكا كرایه‌وه و سه‌رۆكی دیوان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه هه‌رێمی كوردستان خوازیاره هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له عێراق ببێته مایه‌ی سه‌قامگیركردن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی.
سه‌باره‌ت به‌و ئاماده‌كاریه‌ش كه بۆ سازدانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له ئارادایه؛ فوئاد حوسێن گوتی كه گه‌لی كوردستان ساڵانێكی دوور و درێژ له پێناو ئاشتی و بۆ به‌دیهێنانی ئاشته‌وایی تێكۆشاوه و ئه‌مڕۆش ده‌یه‌وێ له میانی ئه‌و كۆنگره نه‌ته‌وه‌ییه‌دا په‌یامی له‌مێژیینه‌ی خۆی كه په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه به سه‌رجه‌م گه‌لانی ناوچه‌كه و رای گشتی نێوده‌وڵه‌تییش رابگه‌یه‌نێ.
