بەرپرسی خاڵی سنووری پیشخابوور: ھیچ شاندێکی ھەرێم لە سنوور ئاودیوی رۆژئاوای کوردستان نەبووە

بەرپرسی خاڵی سنووری پیشخابوور: ھیچ شاندێکی ھەرێم لە سنوور ئاودیوی رۆژئاوای کوردستان نەبووە
14ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- بەرپرسی خاڵی سنووری پیشخابوور رایدەگەیەنێت، تاوەکوو ئێستا ھیچ شاندێکی ھەرێمی کوردستان لەو خاڵە سنوورییە بەرەو رۆژئاوای کوردستان ئاودیو نەبوون.

بەرپرسی خاڵی سنووری پیشخابوور، شەوکەت بەربەھاری دەڵێت:تاوەکوو ئێستا ھیچ شاندێکی ھەرێمی کوردستان بەرەو رۆژئاوای کوردستان لە پیشخابوور نە ‌پەڕیوەتەوە و ھاوکاتیش لە دیوی سنووری رۆژئاوای کوردستان نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ کەس بە مەبەستی ئاودیوبوون بۆ خاکی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەتەوە.

بەربەھاری لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر گووتی: رەنگە کۆکردنەوەی ئەو ژمارەی زۆرەی ھاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان لە سەر سنووری پیشخابوور بەو مەبەستە بێت، ئەگەر رێگە لەبەردەم شاندی ھەرێم بکرێتەوە بۆ چوونە رۆژئاوا، ئەوانیش لە بەرامبەردا ئاودیوی ھەرێمی کوردستان بن.

ئاماژەی بەوەشدا کە تاوەکوو ئێستا خاڵی سنووری پیشخابوور کراوەیە لەبەردەم ئەو ھاوڵاتیانەی رۆژئاوای کوردستان کە قوتابین یاخود پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی ھەیە.

جێی ئاماژەیە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ٨ی ئەم مانگە پەیامێکی ئاراستەی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد کە لیژنەیەک بۆ چوونە رۆژئاوای کوردستان پێکبھێنن بە مەبەستی بەدواداچوون لە بەرامبەر ئەو ھەواڵانەی باس لە کۆمەڵکوژی نەتەوەی کورد دەکەن لە رۆژئاوای کوردستان بە دەستی چەکدارانی جەبھەتولنووسرەتی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە.
Top