نێچیرڤان بارزانی: غەمبار دەبین لەكاتێ دەبینین شارێكی وەكو بەغدا كە پایتەختی وڵاتێكی دەوڵەمەندە نقوومی تاریكی بووە

نێچیرڤان بارزانی: غەمبار دەبین لەكاتێ دەبینین شارێكی وەكو بەغدا كە پایتەختی وڵاتێكی دەوڵەمەندە نقوومی تاریكی بووە
14ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكدا بۆ رۆژنامەی مەدا\" كە ئەمڕۆ بەشی یەكەمی بەڵاویكردوتەوە\"" تیشك دەخاتە سەر چەندین پرسی هەنووكەی سەر گۆرەپانی سیاسی عیراق و پەیوەندنی نێوان هەولێرو بەغدا و هەوڵ و تەقەڵای لایەنە سیاسییەكان بۆ باشتركردنی ئەم پەیوەندیانە و چەند پرسێكی تری گرنگ و هەستیار وەكو پرسی پێشمەرگەو نەوت و غاز.

لەبەشێكی ئەم دیدارەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە سەردانی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ هەولێر، دوای دابڕانێكی دوور و درێژو دوای سەدەیەك لە خوێنڕشتن و ئایا گەیشتینە رادەیەك كە باوەڕیمان بە ئاشتی هەبێت یان تاوەكو ئێستاش نەفەسی كورتی سیاسەتمەداری عێراقی عەقڵی شەڕ زاڵ دەكات، دەڵێت: بەشێك لە گرفتەكانی عێراق لە ئەنجامی بارودۆخی كاتیی سیستەمی سیاسییە لە عێراق، چونكە تاوەكو ئێسە ئێمە لە قۆناغی گواستنەوەداین لە وەتەی سەددام حوسێن روخێندراوە. گواستنەوەی سیستەمی سیاسی بۆ فیدراڵیزم لە خۆیدا كارێكی سەخت و تازەیە بۆ هەمووان، ئەمە جگە لەو گرفتانەی كە رەگ و ریشەی مێژوویان هەیە و ئەستەمە وابەئاسانی لەبارەیانەوە بگەینە چارەسەرییەك لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا. بەڵام پێویستە هەمیشە ئەوەمان لەیاد بێت ئەگەر بۆ رێككەوتن سەختیمان هاتە پێش، ئەوا نابێت پەنا بۆ شەڕ ببەین، بۆیە دیاڵۆگ لە گەڵ بەغدا هەمیشە لە پێشەنگی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.

ئەمە جگە لەو گرفتانەی كە رەگ و ریشەی مێژوویان هەیە و ئەستەمە وابەئاسانی لەبارەیانەوە بگەینە چارەسەرییەك لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا
لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەی رابردوودا سەردانی بەغدام كرد و دیدارێكی دوور و درێژ من و بەڕێز مالیكی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵی كۆكردەوە و بەدوو قۆڵی و بە تەنیا باسی زۆر شتمان كرد، بەتایبەتی گرفتەكانی عێراق و هەرێم و هەردوولامان ئەو هەستەمان تیادا هەبوو دیاڵۆگێكی نیشتیمانی بێتە ئاراوە، بۆ شكاندنی بەستەڵەكەكان .

هەستمان بەوەش كرد، مەسەلەكە تەنیا دیاڵۆگی نێوان لیژنەی تایبەتمەند نییە، بەڵكو دەستپێكێكی پێویستە بۆ شكاندنی ئەو تابووە دەروونییانەی لە نێو سەركردەكانی عێراقدا هەبوون و پێشنیاری ئەوەشم كرد بەڕێز مالیكی سەردانی هەولێر بكات و پێمگوت : ئێوە لە نەینەوا و بەسڕا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقتان گرێدا لە بەرچی هەمان شت لە هەرێمی كوردستانی عێراق ناكەن.

هەروەها دەربارەی هاتنی مالیكی بۆ هەولێر سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕادەگەینێت كە بە پێشنیاری ئەوان بووە \"" بەڵێ، پێمگوت ئەگەر وا دەبینن هاتنتان بۆ هەولێر زەحمەتیی تیادایە، بەڵام ئەگەر كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانتان هێنایە هەولێر ئەوكات دەتوانین بە كارێكی هاوبەش باسی هەموو ئەو پرسانە بكەین كە شایانی باسن، دەتوانین دیدارێك لەنێوان ئێوە و بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێكبخەین و ئەو دیدارە ببێتە هۆكارێك بۆ شكاندنی زۆر لە تابووە دەروونییەكان لانی كەم دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هاوبەشییەك نیشان بدەین بەوەی شەڕ هەڵبژاردەی بەدیلی دەرچوون لە گرێ كوێرەی سیاسی نییە.

سەبارەت بەوەی ئایا هەستتان بەوە كرد ئەوەی باسی لێوە دەكەن لە دیداری سەركردەكان هاتبێتەدی و ئەنجامی باشیشی لێ چاوەڕوان بكرێت نێچیرڤان بارزانی : ئەستەم نییە سەختی و زوڵمی رابردووی هەموو عێراق بهێنینە یادی خۆمان كە بە هۆی خراپیی ئیدارەكردنی ناكۆكییەكانمان هاتنە ئەنجام، گەلی عێراق سەختی و زەحمەتیی زۆری بەخۆوە بینی و زەحمەتە ئەوە لەیاد بكەین كە هەریەكە و بەمەبەستی هەنگاونان بۆ شەڕ لە كاتی هەبوونی گرفتی سیاسی بووە هۆكارێك بۆ مەینەتیی ئەم گەلە .

ئەزموونی مێژووییمان لە گەڵ عەقلیەتی شەڕ شتێكی ناخۆشە و پێویستە پەندی لێوەربگرین، مێژوو سەلماندوویەتی هێز بەهیچ شێوەیەك چارەسەریی گرفتەكانی نەكردووە بۆیە هەستی ئەو كەسەی كە دێتە سەر كورسیی حوكم بەوەی لە هەمووان بەهێزترە چارەسەری گرفتەكان ناكات. كاتێك حوكمڕانی پێشووی وڵات ئەو هەستەی لەلا پەیدابوو، ئەو عێراقی بەرەو شەڕێكی گەورە و گرفتی گەورە ڕاكێشا و شكستێكی گەورەی خوارد .

لەساڵی 1970 كاتێك سەددام حوسێن هەستی بە لاوازی كرد، چووە لای خواڵیخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و رێككەوتنی ئاشتەوایی لەگەڵدا كرد . كاتێكیش هەستی بە هێز كرد شەڕی لە دژی كورد راگەیاند كاتێكیش هەستی بە قووڵی ئەو گرفتە كرد كە خۆی تیادا خستووە لەساڵی 1975 بەشێكی شەتولعەرەبی دایە ئێران و بۆ شاهی ئێران تەنازولی لێی كرد، تا بەرەی كوردی گەمارۆ بدات و لاوازی بكات، دوای ماوەیەكی كەمیش هەستی بەو هەڵە كوشندەیەی رێككەوتننامەی جەزائیر و دانی خاكی عێراق بە ئێران كرد و شەڕی 8 ساڵەی لە دژی ئێران راگەیاند و شەڕەكەش بەبێ هیچ ئەنجامێك تەواو بوو.

لەساڵی 1970 كاتێك سەددام حوسێن هەستی بە لاوازی كرد، چووە لای خواڵیخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و رێككەوتنی ئاشتەوایی لەگەڵدا كرد
بەهەمان عەقڵییەتی شەڕ ویستی گرفتی دیكە چارەسەر بكات، بۆیە پەلاماری كوێتی دا و بووە هۆكارێك بۆ ئەو مەینەتییەی تائێستە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

ئەو هەڵە كوشندانەی سەددام سەدەهایە كە نەكراون و مەحاڵە وا بەئاسانی لەیادی ئێمە دەربچن، بەڵام پێویستە پەندیان لێ وەربگرین بەوەی كە پرەنسیپی بەهێز و لاواز مەحاڵە گرفتی یەك خانەوادە چارەسەر بكات، بەڵكو پێویستە بەوە دڵخۆش بین كە خاوەنی دەستورێكین 80%ی گەلی عێراق دەنگیان بۆی داوە و پێویستە پاڵپشتی دیاڵۆگێكی نیشتیمانی بكەین بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان .



لەبەشێكی تری ئەم دیدارەدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات كە چی بە سەرۆك وەزیرانی عیراق سەبارەت بە خەباتی هاوبەش و دەڵێت : پێمگوت تۆ لەگەڵ ئێمە بوویت لە كوردستان و چەندین جار لەیەك خەندەق لە دژی شێوازی حوكمی سەددام حوسێن خەباتمان كرد و راست نییە ئەو دابڕانە لەنێوانماندا هەبێت، بۆیە ئێمە رێككەوتنێكمان ئیمزاكرد بۆ دەستكردن بە دیاڵۆگ لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە كاتێكیش هاتە هەولێر ئێمە ئەو لیژنانەمان كاراكرد هیواداریشین كاری ئیجابی و ئەنجامی ئیجابییان هەبێت نەك تەنیا بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی كوردستان بەڵکو بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی وڵات بە گشتی.

ئەو شەڕ و نەهامەتییانەی باسم لێوە كردن وامان لێدەكات بیر لەوە بكەینەوە 100 ساڵەی شەڕ و ناكۆكی وای لێكردین هیچ بەهرەیەكی گفتوگۆمان نەبێت تەنانەت ئەگەر ویستیشمان بە راستی دانوستاندن لە گەڵ یەكتر بكەین كاتێكیش بەهۆی لاوازی تواناكانی دانوستاندنمان شكست دێنین یەكسەر پەنا بۆ شەڕ دەبەین، چونكە ئەوەیان تاكە شتە بەهرەی تەواومان لە بەكارهێنانی هەبێت.

دەربارەی توانای سیاسەتمەدارانی عێراق بۆ دروستكردنی دیاڵۆگ و چارەسەری نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوە دەكات: هیوادارم سیاسەتمەدارانی عێراق لە هەر ساتێكدا لە واتای بەكارهێنانی تانك و چەكی قورس لە عێراق تێبگەن، لەوە تێبگەن چۆن ئەم شێوازە شكستی گەورەی لەوەدا هێنا گەلێكی یەكگرتوو دروستبكات كە بیر لە بەرژەوەندی هاوبەشی بكات، بەداخەوە گرفتی گەورەی ئەو كەسانەی لەسەر مێزە گەورەكانی بەغدا دانیشتوون ئەوەیە كە تاوەكو ئێستا فێری ئەو هاوكێشە تازەیە نەبوونە كە مێژووی خوێناوی بە پێوەری تازە دەگۆڕێتەوە.

هیوادارم سیاسەتمەدارانی عێراق لە هەر ساتێكدا لە واتای بەكارهێنانی تانك و چەكی قورس لە عێراق تێبگەن
گرفتی ئەو كەسانەی لە بیرۆ حكومییەكانی بەغدا دانیشتوون چییە؟ گرفتەكەیان لەوەدایە ئەوان وا دەزانن دەبێ حكوومەتی مەركەزی لەوەدا بەهێزە كە هەموو شتێكی ئەم وڵاتە بگرێتە دەست یەكەمین هەنگاوی پێشكەوتنیشیان ئەوەیە ئەو پرەنسیپە لەیاد بكەن و بگەنە ئەو قەناعەتەی كە هیچ سوودێكی نییە و وڵاتە بەرەو گرفت رادەكێشێت .

ئێمە لە كوردستان دوای راپەڕینی ساڵی 1991 بە تەواوی لە بەغدا جیابووینەوە جیابوونەوەكەشمان وەكو ناڕەزاییەك بوو بەرامبەر بەو سیاسەتە ناڕەوایەی رژێمی سەددام حوسێن بەرامبەر بە كورد گرتبوویە بەر دوای 2003ش ئێمە بەشێوەیەكی ئیختیاری گەڕانەوەمان بۆ عیراق هەڵبژارد و هیچ كەسێك لەسەر ئەم شتە مەجبووری نەكردین .

دوای 1991 ئێمە بووینە خاوەنی پەرلەمانێكی هەڵبژێردراو بەڵام بە ویستی خۆمان بۆ عێراق گەڕاینەوە لەژێر هاوكێشەیەكی تازە كە ناوی عێراقی تازە و دەستوری عێراقی تازە بوو كەواتە ئێمە سواڵكەر نەبووین و تائێستەش ئێمە شەریكی راستەقینەی بونیاد نانەوەی سیستەمێكی فرەلایەنی تازەین .

راستە لەساڵی 2003باری ئابووریمان وەكو ئێستە نەبوو بەڵام بارودۆخ وا خراپ نەبوو و دەمانتوانی پشت بە خۆمان ببەستین و لەسەر جیابوونەوەی خۆمان بەردەوام بین و ئەوەی بۆ ئەو گەڕانەوەیە زیاتر هانی داین، هەبوونی هاوبەشی راستەقینەیە كە خەباتێكی هاوبەشی سیاسی كۆی كردبووینەوە و لەدژی دیكتاتۆرییەت بەیەكەوە شەڕمان كرد و لەو كاتەشەوە لە هیچ خەبات و قوربانیدانێك درێغیمان نەكرد، ئەوكاتەی بەغدا لەبارودۆخێكی نالەباری ئەمنی بوو پێشمەرگە گەنجەكانی خۆمان بۆ یارمەتیدانی هێزی فیدراڵ نارد لە بەغدا و دەتوانم بڵێم پێشمەرگە لە بەغدا بەشداریان لە هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتانە كرد كە لەدژی تیرۆریستان ئەنجامدران، ئێمە هیچ كاتێك لە یارمەتیدانی هاوبەشانمان درێغیمان نەكردووە، بەتایبەتی لە رۆژانی سەختدا و ئەمەش بە شێكە لە بەپرسیارێتی خۆمان كە شانازی پێوە دەكەین .

ئەوكاتەی بەغدا لەبارودۆخێكی نالەباری ئەمنی بوو پێشمەرگە گەنجەكانی خۆمان بۆ یارمەتیدانی هێزی فیدراڵ نارد
سەبارەت بە بەشداری بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و ئاگاداربوونیان لە رێ و رەسمی ئیمزاكردنی گرێبەستەكانی نەوت سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕادەگەینێت: ئەگەر ئەوان حەزیان لێیە بەشداربن بەسەر و سەرچاو با بێن و ئێمە رێز لە جێگری سەرۆك وەزیران د. حوسێن شەهرستانی بۆ كاروباری وەزە دەگرین وەكو هەموو وەزیرێكی دیكەی حكومەتی فیدراڵ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە دەستبەرداری دەسەڵاتی دەستوری خۆمان دەبین و لەسەرەتادا ئێمە داوامان لە بەغدا دەكرد بەشداربن، بەڵام ئەوان رەتیان دەكردەوە لە رێكکەوتنەكان ئامادەبن.
"
Top