١٣ی ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- ئەنستیۆتی فەرهەنگی هونەریی ئەحمەدی خانی لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بە بڕیاری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لەو شارە داخرا. بە پێی هەواڵێكی كوردپا؛ ئەنستیۆتی فەرهەنگی هونەریی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لەسەر داوای ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و لەلایەن پاسدارانی شاری ورمێ لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا داخرا. بەرپرسانی ئەنستیۆی فەرهەنگی هونەریی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لە كاتێكدا داخرا كە ئەنستیتۆی ناوبراو بە مۆڵەتی فەرمیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە شاری ورمێ سەرقاڵی چالاكی بووە. ئەنستیتۆی فەرهەنگی و هونەریی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لەلایەن كۆمەڵێك رۆشنبیر و چالاكی فەرهەنگی و ئەدەبیی كوردەوە دامەزرا كە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەو ناوەندە فەرهەنگییە، گرینگی و بڕەودان بە رۆشنبیری و كولتووری بوو. پێشتریش گۆڤاری چاند كە بە زاراوەی كرمانجیی ژووروو لەلایەن ئەنستیتۆی ئەحمەدی خانییەوە چاپ و بڵاو دەكرایەوە، پاش بڵاو بوونەوەی دووەمین ژمارەی، بە بڕیاری وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاوكردنەوەی قەدەغەكرا.