لە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێم زیادی کردووە

لە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێم زیادی کردووە
وتەبێژی دەستەی گشتی گەشت و گوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بەراورد لەگەڵ پار لە جەژنی ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆرتری گەشتیار روی لە ھەرێمی کوردستان کردووە.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشت و گوزاری ھەرێمی کوردستان بە رادیۆ و ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند، لە رۆژانی جەژن، گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکانی خواروو ناوەراستی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان هاتوون و سەردانی شوێنە گەشتییاریەکانیان کردووە.



ناوبراو رایگەیاند: سبەی رۆژی دوو شەممە ئاماری گشتی ئەو گەشتیارانەی لەو ماوە دا رویان لە هەرێمی کوردستان کردوە بڵاو دەکەینەوە کە بە پێی پێشبینیەکان ژمارەکە زۆر لە ساڵی رابردوو زیاترە.



رۆستی گووتیشی\" لەمساڵدا تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراو تۆمارنەکراوە و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەردەوام لە پێشوازی گەشتیاراندا بوون.



وتەبێژی دەستەی گشتی گەشت و گوزار بە رادیۆ و ئاژانسی پەیامنێری گووت: ئەمرۆِ بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی شوێنە گەشتییارییەکان و لێکۆڵینەوە لە کەم و کوڕییەکان، دەستەی گشتی گەشت و گوزار شوێنە گەشتییارییەکانی دەڤەری سۆران و ڕواندزی بەسەرکردۆتەوە.



شایانی باسە، ساڵی رابردوو ٢٦١ ھەزار گەشتیار لە رۆژانی جەژنی رەمەزان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ھاتبوون."
Top