سه‌رۆكی هه‌رێم: ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتان لە بایەخدان بە ئاوارە سوورییەكانی دانیشتووی هەرێم كەمتەرخەم بوونە

سه‌رۆكی هه‌رێم: ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتان لە بایەخدان بە ئاوارە سوورییەكانی دانیشتووی هەرێم كەمتەرخەم بوونە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو بریتا ڤاگینەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد, هەروەها سەرۆك بارزانی باسی ئەوەی كرد كە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتان لە بایەخدان بە ئاوارە سوورییەكانی دانیشتووی هەرێم كەمتەرخەم بوونە و یارمەتییەكانیان لە ئاستی پێویست نین.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ دیدار لەگەڵ جەنابیان و سەردانی هەرێمی كوردستان نیشاندا و سوپاسی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ بایەخدان بە پەیوەندییەكانی نێوان و هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی.

خاتوو ڤاگینەر لە بەشێك لە قسەكانیدا یارمەتیدانی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پەنابەرانی سووریا بەرز نرخاند و ڕایشیگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە یارمەتیی زیاتر پێشكەشی ئاوارەكانی سووریا بكات و هێماشی بەوەدا كە یارمەتییەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان كەمە و بەشی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران ناكات كە ڕوویان لە هەرێم كردووە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كرد و سەبارەت بە پرسی پەنابەرانی سووریا لە هەرێم ئاماژەی بەوەدا كە یارمەتیدانی ئاوارەكان ئەركێكی مرۆڤی و نەتەوەییە و گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكیان یارمەتیی ئاوارەكان دەدەن. هەروەها سەرۆك بارزانی باسی ئەوەی كرد كە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتان لە بایەخدان بە ئاوارە سوورییەكانی دانیشتووی هەرێم كەمتەرخەم بوونە و یارمەتییەكانیان لە ئاستی پێویست نین.

بارودۆخی سووریا بە گشتی و ڕۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ئەڵمانیا بوو و، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە دواڕۆژی سووریادا ڕەچاوی مافی گەلی كورد بكرێت و هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایش لەمەڕ مافەكانی كورد ڕوون بێت. سەبارەت بە بارودۆخی كورد لە سووریا باڵیۆزی ئەڵمانیا ڕایگەیاند كە بەرلین هانی كوردی سووریا دەدات بۆ ئەوەی هەموو لایەنە كوردییەكان لەسەر چوارچێوەیەكی هاوبەش بۆ كاركردن ڕێكبكەون.

قسەكردن لەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بەشێكی دیكەی دیدارەكەی پێكدەهێنا و سەرۆك بارزانی هێڵە گشتییەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی بۆ شاندی میوان باس كرد كە لەسەر بنەمای پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی كورد بۆ گەلانی ناوچەكە بنیاتنراوە.
Top