پێش ٥٠ ساڵ رۆژنامەیەکی یۆنانی نووسیویەتی: سەلاحەدینی ئەیوبی و مستەفا بارزانی دوو سەرکردەی ھەرە دیاری مێژووی کوردن

پێش ٥٠ ساڵ رۆژنامەیەکی یۆنانی نووسیویەتی: سەلاحەدینی ئەیوبی و مستەفا بارزانی دوو سەرکردەی ھەرە دیاری مێژووی کوردن
ڕۆژنامەی (تا نەیا)ی یۆنانی ٥٠ ساڵ پێش ئێستە، واتە لە رۆژی ١٥/٧/١٩٦٣، ئەم راپۆرتەی لەبارەی مێژووی شۆڕشەکانی کورد و خەباتی ئەم نەتەوەی بۆ ئازادی بڵاو کردووەتەوە و باس لە سەرکردە ھەرە دیارەکانی دەکات، لەوانە سەڵاحەدینی ئەیوبی و مەلا مستەفا بارزانی، ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو بابەتەیە بە کوردی:



دۆزی کورد لەبەردەم نەتەوەیەکگرتووەکاندا

سوارچاکەکانی رۆژھەڵات لە خەباتی مان و نەماندا

بەرامبەر خواستی ئۆتۆنۆمی بەغدا بە شەڕ وەڵام دەداتەوە

ئەو گەلەی ھەرگیز دوژمنەکانیان ناکوژن کاتێک بێ چەک بن

شەڕی سەرکوتکردنی کوردەکان بێ وچان بەردەوامە، ئاشکرایە کە دەسەڵاتدارانی بەغدا لەڕاستیدا لە کوردستان سیاسەتی جینۆساید بەکار دەھێنن، ئەمەش وای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە باس و لێکۆڵینەوە لە رەفتارە نایاساییەکانی بەغدا بکەن.
کوردەکان خەبات لەپێناوی چیدا دەکەن؟ لەسەر ئاڵاکەیان نووسیوە \"یا کوردستان یا نەمان\""، کوردەکان بە سەرۆکایەتیی بارزانی داوای مافی چارەنووس بۆ خۆیان دەکەن، کە مافی ئابووری و ڕۆشنبیری و بەڕێوەبردنی خۆیانیان ھەبێت، بەڵام حکوومەتی عێراق بە شەڕێکی توند وەڵامیان دەداتەوە.

ئاشکرایە کە کوردستان \""وڵاتی کوردەکان\"" لەسەر ھیچ نەخشەیەکی جوگرافی تا ئێستە دیاری نەکراوە، ئەگەرچی ناوچەیەکی فراوان دەگرێتەوە لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا کە زۆربەی دانیشتوانی کوردن، کە ژمارەیان دەگاتە نۆ ملیۆن و نیو، بەڵام لەم کاتەدا کوردستانی عێراق سەرنجی ڕای نێودەوڵەتیی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، لەوێ کوردەکان خەبات دەکەن بۆ دروستکردنی کوردستان، بەرزایی شاخەکانی کوردستان زیاتر لە دوو ھەزار مەترە و دۆڵەکانی زۆر سەختن، خاکی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە و پڕە لە \""ئاسن، کرۆم، مەغنیسیۆم، ئاڵتوون، زیو، مس و خەڵووزی بەردی\"" بەڵام لە ھەموویان گرنگتر نەوت کە ساڵانە سی و پێنج ملیۆن تەن بەرھەم دەھێنێ کە لایەن کۆمپانیای \""عێراق پەترێلیۆم\""ی فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەمەریکیەوە بەکار دەھێنرێت.
کوردستان ڕێگەوبانی باشی نییە و نیوەی ساڵ لەبەر بەفر ڕێگەوبان داخراوە و ھاتوچۆ تیایدا گرانە، لەوێ ھەزارەھا ساڵە کوردەکان دەژین، کوردەکان لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی \"" کوردێک لە ھەولێرەوە\"" دا گەشەیان بە خۆیانەوە بینی کە سەرکەوتوانە شەڕی دژ بە مەسیحیەکانی دەکرد و توانی ھەموو کوردەکان لەژێر رکێفی خۆیدا کۆ بکاتەوە لە سووریا و دەوڵەتی ئەیوبیەکانی پێکھێنا، کە پێکھاتبوون لە زۆر نیمچە دەوڵەتی کوردیی سەربەخۆ و چەند ویلایەتێکیان پێکھێنا کاتێک دەسەڵاتی خەلیفەکان لاواز بوو، ئەو ویلایەتانە تەنیا بەناو سەر بە دەوڵەتی خەلیفەکان بوون و لە ڕاستیدا سەربەخۆ بوون، وەک شەرەفەدینی بەدلیسی مێژوونووسی کورد لە شەرەفنامەدا دەڵێ: \""ھیچ سوڵتانێک نەیتوانیوە کوردستان بخاتە ژێر رکیفی خۆیەوە و تەنیا بەوە ڕازی دەبوون کە دیارییان لێ وەربگرن و دانیشتوانی بە ھێمنی بمێننەوە، چونکە ئەوەندەیان بەس بوو پاڵپشتیی ئەوان لەدەست نەدەن\"".
لە سەدەی پازدەیەمدا دوای شەڕی زۆر توند، ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان توانی دەسەڵاتی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ و لەو کاتەوە کوردەکان سەرھەڵدانی زۆریان بەرپا کردووە بۆ دەرکردنی داگیرکەران و دوا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردەکان ڕووخێنرا لە ساڵی ١٨٤٨دا دوای حەوت ساڵ شەڕ و لە ئەنجامی ئەوەدا کوردستان دابەش کرا لە نێوان تورکیا و ئێراندا.
لەو کاتەوە دۆزی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا سەری ھەڵدا و دوای شەڕی یەکەمی جیھانی، کوردستان دابەش بوو لەنیوان چوار وڵاتی عێراق و ئێران و تورکیا و سووریادا، بەڵام کوردەکان زۆر جار شۆڕشیان کردووە لەپێناو مافەکانی خۆیاندا و سەرکردەکانیان لە ھەوڵی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستاندا بوون، کەسایەتیی بەناوبانگی سەدەی پێشوو خاچاتوور ئەبۆڤیانی ئەرمەنی کە توێژینەوەی دەربارەی مێژووی کوردەکان کردووە بە \""سوارچاکی ڕاستەقینەی ڕۆژھەڵات، بە ھەموو مانایەکی کە ئەم دەستەواژەیە بیدات\"" ناویان دەبات، کورد ھەرگیز پەلاماری کەسی بێ چەک نادات گەرچی ئەو کەسە گەورەترین دوژمنیشی بێت، بۆ بەخشندەیی کورد چیرۆکی زۆر ھەیە، بۆ نموونە ئەگەر دوژمنەکەشی ڕوو بکاتە ماڵی ڕێزی لێ دەگرێت و میوانداریی دەکات، ئافرەتی کورد ھەمان مافی ھەیە وەک پیاو و زۆر نموونە ھەن کە ئافرەت پێشڕەو بووە و سەرکردایەتییان کردووە، ژیانی قورسی شاخاوی کاری کردۆتە سەر کەسایەتیان و ئیشکەر و بەتوانان و زۆر بەباشی تفەنگ بەکار دەھێنن و نیشانە دەپێکن.
ئەدەبی کوردی دەوڵەمەندە و شیعری زۆریان ھەیە لە سەدەی نۆھەمەوە و بەناوبانگترینیان ئەحمەدی خانییە کە بە داستانی \""مەم و زین\"" لە سەدەی حەڤدەھەمدا ناوی دەرکرد، ئەو داستانە باس لە خۆشەویستیی ئەو دوو کەسە دەکات و بوون بە سیمبولی خۆشەویستی، وەک داستانی ڕۆمیۆ و جولیەت.

زۆربەی کوردەکان ماڵی ھاوینە و زستانەیان ھەیە و بەھۆی شەڕو ھیرشکردنە سەریان زۆر جار ناچار دەبن کە بچنە ناو ئەشکەوتەکانەوە بۆ خۆپاراستن، وەک چۆن ئێستە حکوومەتی بەغدا ھێرش دەکاتە سەریان، کوردەکان شەڕکردنیان دژ بە دوژمنەکانیان بە شەڕێکی پیرۆز و ڕاست دەزانن و لەناو ئاگری شەڕ بۆ مافی چارەنووس ناوی پاڵەوانی تازە دروست بووە، لە سەروو ھەموویانەوە کەسایەتیی ئازا و چاونەترس مستەفا بارزانی کە بووە بە سەرچاوەی ئیلھامی خەبات دژ بە داگیرکەران و سەرکردایەتیی ھێزەکانی شۆڕش دەکات، کوردەکان لە مەیدانی شەڕدا بەگۆرانی گوتنەوە گیان لەدەست دەدەن، کە لە بەشێکی دا دەڵێ:

ھیچ شتێک لەوە خۆشتر نییە کە لەپێناو تۆدا گیان لەدەست بدەم کوردستان، بۆ ئەوەی تۆ سەربەست بیت و بەکوردی گۆرانی بڵێیت.














سەچاوە ھەفتەنامەی باس"
Top