خورماتوو.. نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن دروست دەکرێت

خورماتوو.. نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن دروست دەکرێت
31ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا لەگەڕەکی رزگاری قەزای خورماتوو نەخۆشخانەیەکی تایبەتی فریاکەوتن دروست بکرێت.

لەمبارەیەوە شەلال عەبدول قائیمقامی قەزای خورماتوو لەلێدوانێکیدا راگەیاند: نەخۆشخانەیەکی تایبەتی فریاکەوتن بنیاددەنرێ و ئیدارەی قەزا بەراوێژ لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی شارەوانی خورماتوو شوێنێکمان دەستنیشان کردووە لەگەڕەکی رزگاری بەمەبەستی دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە لەو شوێنەدا.

گوتیشی: لەگەڵ دروست کردنی ئەو نەخۆشخانەیەش ٣٠ خانوو دروست دەکرێت بۆ دکتۆرەکان و تەواوی تێچوی ئەو پرۆژەیەش لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەبێت.

عەبدول ھەروەھا گوتیشی: لەماوەی رابردوودا ئێمە وەک ئیدارە و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی قەزا سەردانی وەزارەتی تەندروستی عێراقمان کرد بۆ گەیاندنی چەند داخوازیەکی قەزاکە لەرووی تەندروستییەوە و لەئێستادا یەکێک لەو داخوازیانەمان جێبەجێ کراوە کە ئەویش خۆی لەدروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەروێڵەیی دەبینێتەوە و کە لەژێر جێبەجێکردندایە.
Top