نێچیرڤان بارزانی: ئێمە رێككەوتووین تەوافوق و سازانی نیشتمانی لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دروست بكەین

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە رێككەوتووین تەوافوق و سازانی نیشتمانی لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دروست بكەین
27ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیێنێ كە ئەوان لەگەڵ یەكێتی بڕیاریانداوە دەستووری هەرێمی كوردستان نەبێتە مایەی پارچەكردنی خەڵكی كوردستان و ، بڕیاریشیانداوە سازانی نیشتمانی لەسەر دروستبكەن.

پارتی و یەكێتی پابەندن بە رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ، سەبارەت بە قسەو وەڵام و وەڵامكارییەكانی هەندێ لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان رایگەیاند \" پارتی و یەكێتی پابەندن بە رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان، هەروەها پابەندیشن بە رێككەوتنی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كە لە رۆژی 29ی حوزیرانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولادا مۆركرا، كە رۆژی دواتر بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستاندا بەدواداهات. هەردوولاشمان بەتەواوی موتەفیقین لەسەر ئەو رێككەوتنە و هیچ خاڵێكی تێدا نییە جێگەی لێنەگەیشتن بێت لەنێوان هەردوولاماندا \"".

ئێمە رێككەوتووین تەوافوق و سازانی نیشتمانی لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دروستبكەین

نێچیرڤان بارزانی ، كە لەلایەنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەك سەرۆكی شاندەكەی پارتی ، رێككەوتنی 29ی حوزەیرانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆركردووە، سەبارەت بە ئایندەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ، لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ (رووداو) روونیكردەوە \"" ئێمە رێككەوتووین تەوافوق و سازانی نیشتمانی لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دروستبكەین، چونكە ئێمە نامانەوێ پرسی دەستوور ببێتە هۆی پارچەكردنی خەڵكی كوردستان، بەڵكو دەمانەوێ ببێتە گرێبەستێكی هاوبەشی سیاسی و كۆمەڵایەتی نێوان هەموو گەلی كوردستان\"".

\""پرسەكەش گەڕاندنەوەی دەستوور و نەگەڕاندنەوەی نییە بۆ پەرلەمانی كوردستان، چونكە كاتی خۆیشی رەشنووسەكە و پڕۆژەی دەستوور لەلایەن لیژنەیەكی دەرەوەی پەرلەمانەوە نووسراوە، ئینجا لە پەرلەمان دەنگی لەسەردراوە. ئێمە لە رێككەوتنی 29ی حوزەیراندا زۆر بەڕوونی بڕیارمانداوە گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی دەستوور بكەین و سازانی نیشتمانی لەسەر بكەین\"".

\""بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێ ئەو مادانە دیاریبكەین كە ناكۆكیان لەسەرە و ئینجا لەلایەن لایەنەكانەوە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت بەمەبەستی دروستكردنی سازانێكی نیشتمانی لەسەری ، ئینجا لەوێ لە ئەنجامی گفتوگۆكاندا بڕیاردەدرێت كە چۆن بە تەوافوق و بەشێوەیەكی یاسایی ئەو هەمواركردن و سازانەی پێكەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت ، لە دەستوورەكەدا بگونجێندرێت و ئەنجامبدرێت\"".

ئەو رێككەوتنەی كراوە هیچ خاڵێكی ناڕوونی تێدا نییە كە كێشە دروستبكات

هەروەها نێچیرڤان بارزانی، وەك كۆتایی هێنانێك بە لێدوانە دژەكان و وەڵام و وەڵامكارییەكانی نێوان هەندێ لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی یەكێتی و پارتی ، گوتی \"" ئەو رێككەوتنەی كراوە هیچ خاڵێكی ناڕوونی تێدا نییە كە كێشە دروستبكات و پێویستیش بەوە ناكات هیچ بەرپرسێكی پارتی و یەكێتی تەفسیری جیاوازی بۆ بكات، چونكە شتەكە تەواو روونە و ئێمە بڕیارمانداوە سازان لەسەر دەستوور دروستبكەین و ، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش هەمان بۆچوونی دەربڕیوە لە وتارەكەیدا لە رۆژی 17ی ئەو مانگەدا ، كە داوادەكات لە ماوەی خولی داهاتووی پەرلەماندا لایەنەكان بگەنە سازانێكی بەپەلە لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان \"""
Top