سەبارەت بە شەڕەتەقەكەی ئەمڕۆ ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

سەبارەت بە شەڕەتەقەكەی ئەمڕۆ ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە رووداوی شەڕە تەقەكەی ئەمڕۆی شارەكە بڵاوكردەوە كە تێیدا كەسێك كوژراو 5 كەسی دیكە بریندار بوون.

لە راگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە: "ئەمڕۆ 25.7.2013 كاژێر 10.30 سەر لەبەیانی ئۆتۆمبێلێكی جۆری (مازدا) رەنگی (سپی) لە شەقامی سەرەكی هەولێر شەقڵاوە لە نزیك گەڕەكی (سەفین 3)، سێ چەكداری تێدابوو كە بو‌وبو‌ونە جێگەی گومانی مەفرەزەیەكی ئاسایشی هەولێر".

ئاماژە بەوە دراوە "لە كاتی نزیكبوونەوەی مەفرەزەكەی ئاسایش لێیان بۆ ناسینیان، دەست بەجێ چەكدارەكان تەقە لە مەفرەزەكەی ئاسایش دەكەن و لە ئەنجامی ئەو تەقەكردنەش هاوڵاتیەك بە ناوی (ئا. ط) دەكوژرێت 5 كەسی دیكەش بریندار دەبن".

رووداو زانیویەتی كە بریندارەكان چواریان كارمەندی ئاسایشن و یەكێكیان ئەفسەرە. بریندارەكەی دیكەش كارمەندی تەندروستییە.

ئاسایشی هەولێر لە روونكردنەوەكەیدا جەختدەكاتەوە "بۆ زانینی وردەكاری ئەم رووداوە و دەستگیركردنی تاوانباران، ئاسایشی هەولێر دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوەی ورد". ئاماژە بەوەش دراوە "لە داهاتو‌وشدا هەموو لایەك لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاگاداردەكەینەوە".

Top