ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق میوانداری بەرپرسانی كارگێری و ئەمنی بەغدا و دیالە دەكات

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق میوانداری بەرپرسانی كارگێری و ئەمنی بەغدا و دیالە دەكات
25ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- لەكۆی شەش بڕگە دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كاری لەسەر 4 بڕگەیانی كرد و دوو بڕگەكەی دیكەی دواخست بۆ كۆبوونەوەی ئه‌مڕۆ كە بڕیارە بەرپرسانی كارگێڕی و ئەمنی پارێزگاكانی بەغداد و دیالە میوانداری بكرێن لەبارەی دۆخی ناهەمواری ئاسایشی عێراقەوە.


ئەشواق جاف، ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی پەیامنێری ڕاگەیاند \"دوێنێ پەرلەمانی عێراق لەكۆی شەش بڕگە دەنگی لەسەر 4یان دا و 2ی دیكەی دواخست بۆ كۆبوونەوەی ئه‌مڕۆ که‌ تێیدا بەرپرسانی كارگێڕی و ئەمنی پارێزگاكانی بەغدا و دیالە ئامادە دەبن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی نائارامی ئێستای عێراقەوە\"".
ئەوەشی گوت، لە كۆبوونەوەی دوێنێدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگیدا لەسەر هەڵبژاردنی دادوەرانی ئەندامانی دەستەی پێداچوونەوە كە تایبەتە بەو رەخنانەی پێشكەش كراوە لەسەر بڕیارەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، و خوێندنەوەی دووەم كرا بۆ پرۆژە یاسای پەسەندكردنی رێكەوتننامەی هاوكاری ئابووری نێوان عێراق و چیك.
گوتیشی، بڕگەی چوارەمی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەردەوامبوونی گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی ناوەند، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای چاكسازی گەوران و مێردمنداڵان بوو.
لەبارەی ئەو بڕگانەی دواخران، ئاماژەی بەوە كرد هەریەكە لە گفتوگۆی راپۆرتی دۆخی كارەبا لەعێراق، دەنگدان لەسەر بودجەی ئەنجومەنی مەجلیسی قەزا دواخرا بۆ دانیشتنی ئه‌مڕۆی پەرلەمانی عێراق.
لەبارەی كارەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ دۆخی ئاسایشی ئێستای عێراقەوە گوتی بەگوێرەی خشتەی كارەكانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێ‌.
زیاتر گوتی، بۆ گفتوگۆكردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم دۆخە ناهەموارەی ئاسایشی ئێستای عێراق بڕیارە پەرلەمانی عێراق میوانداری پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و فەرماندەی پۆلیس و سەرۆكی فەرماندەی پارێزگاكانی بەغدا و دیالە بكات."
Top