کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان: جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەندەکانی دەنگدان دەبێ
سەربەست مستەفا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند: لە بەر چەند ھۆکارێک لە ماوەی رابردوودا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق بڕیاریدا بوو کە جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەمجار لە سەنتەری پارێزگاکان ئەنجام بدرێ لە بڕی ئەوەی لە ناو ناوەندەکانی دەنگدان بێت.
گوتیشی: ئەو بڕیارەی کۆمسیۆنی نارەزایی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم و ھێزو لایەنە سیاسییە بەشداربووانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لێکەوتەوە، بۆیە کۆمسیۆنی باڵا پێداوچوونەوەی بەو بڕیارە کردو تاوتوێی کردەوەو لە ناوەڕۆکی نیگەرانییەکیش ووردبووینەوە، لە ئاکامدا بڕیارماندا بەوەی وەک ھەڵبژاردنەکانی جیاکردنەوەی بەرایی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەندەکانی دەنگدان ببێ و نەگوزارێتەوە سەنتەرێکی ناوەندی.
