سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی ھەرێمی کوردستان دەکات
لە دیدارێکدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرھێنانی قوتابیانی پیرۆزبایی گەرمی لە قوتابییە یەکەمەکان و خانەوادەکانیان و گەلی کوردستان کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە گشت قۆناغەکانی ژیانیاندا بۆ خواستن. سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی نیشان دا بەوەی کە ئەمساڵ زۆربەی قوتابییە دەرچووە یەکەمەکانی قۆناغی دوانزدە کچن و بە بابەتێکی زۆر ئەرێنی وەسف کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە قۆناغی خەبات و کۆڵنەدانی گەلی کوردستان لە ڕابردوودا کرد و ھێمای بەوەدا کە ئەو بارودۆخە تازەیە و ئەو سەقامگیرییەی لە کوردستاندا ھەیە بە زەحمەتێکی زۆرەوە ھاتووەتە دی و قۆناغی ئاییندەش لەسەر شانی قوتابییە خۆشەویستەکانە کە دەبێ بە چەکی سەردەمیانەی زانست و فێربوون خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن و بیپارێزن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا کە نابێ قوتابیان و گەنجەکان لە وڵاتی خۆیان داببڕن و ئینتیمایان بۆ خاک و نیشتیمان لاواز ببێت چونکە مرۆڤی بێ وڵات و بێ خاک کەسێکی بێ ناسنامەیە.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە ئێستاکە لە زۆر لاوە ھەوڵ ھەیە کە گەنجانی ئێمە لە وڵات و مێژوو و بەھاکانی داببڕێنن و ئینتیمای لاواز بکەن و ئەوە ئەرکی قوتابیانە کە بە ھۆشیاری و چەکی زانست و فێربوون ڕووبەڕووی ببنەوە.
سەرۆک بارزانی ئامۆژگاریی حکوومەتیشی دا کە بە دەم ھەموو داواکاری و پێداویستییەکانی قوتابیان بڕوات و پاڵپشتیی تەواوی خۆشی بۆ ئەو چینە زیندووەی کۆمەڵگە ڕاگەیاند.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیاری قوتابییە یەکەمەکانی ھەرێمی کوردستان کرایەوە و قوتابیان تێبینی و سەرنجەکانیان بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و سوپاسی سەرۆک بارزانیان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ھەروەھا ڕۆڵی بەڕێزیان لە بەرەو پێشبردنی ھەرێم و دابینکردنی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە کوردستان ھەیە و بووەتە مایەی سەرکەوتنیان لە خوێندن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا قوتابییە یەکەمەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ھەرێم لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە خەڵات کران.
