پشتگیری حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكرات و بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی

پشتگیری حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكرات و بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی
22ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- پاش ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی دەستورو هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكردەوە كاردانەوەی هێزە سیاسییەكانی لێ كەوتەوە لەو رووەوە هەردوو حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو پەیامە دەربڕی. لەو رووەوە مەكتەبی سیاسی حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە ماوەیەكە هەرێمی كوردستان بە تەنگژەیەكی سیاسیدا تێدەپەڕێت و پرۆسەی هەر سێ هەڵبژاردنەكە لەئارادایە، بەڵام لای هەمووان ئاشكرایە لەم قۆناغەدا پێویستمان بە كەسێك هەیە كە سەرۆكایەتی هەرێم و ئەركەكانی بگرێتە ئەستۆ و هاوسەنگی سیاسی لەگەلأ هەموو بارودۆخەكێكدا ڕابگرێت و خاوەن خەبات و مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و ئەزموونێكی سیاسی بەهێز بێت ئەوەیش تەنیا لە جەنابی سەرۆك بارزانیدا دەبینینەوە و ئێمە وەك حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكرات كوردستان پشتگیری و دەستخۆشی تەواومان بۆ سەرۆك بارزانی دووپات دەكەینەوە بۆ ئەو پەیامەی پێش چەند رۆژێك لەو بارەوە بڵاوی كردەوە. هەروەها مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان دوای كۆبوونەوەیەك لە بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەیدا پشتیوانی و پشتگیری خۆی بۆ وتارەكەی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و یاساكانی پەرلەمان دووپات كردەوە بەتایبەتی پرۆژە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم و ماوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سازانی نیشتمانی لەسەر پرۆژەی دەستوور كە دەبێتە هۆی دەربازكردنی وڵات لە بۆشایی یاسایی و چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان.
Top