پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوی کاندیدانی پێشکەش بە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کرد

پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوی کاندیدانی پێشکەش بە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کرد
20ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بەشداری کردن بە لیستێکی سەربەخۆ لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیستی ناوی کاندیدانی کە ١٠٠ کاندید لە خۆ دەگرت پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق کرد.

خسرۆ گۆڕان بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا رایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندی ئەو کاتە دەست نیشان کراوە بوو کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دیاری کرد بوو بۆ پێشکەش کردنی ناوی کاندیدانی بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ھەروەھا گوتی: لیستی کاندیدانی پارتی ١٠٠ کاندید لە خۆ دەگرێ کە لەو ژمارەیەدا ٣٠ کاندیدیان لە رەگەزی ئافرەتن، ھەروەھا دابەشبوونێکی باشی جوگرافیاش لە کاندیدکردنی ناوەکان ھەبووە، دەتوانم بلێم لەسەرجەم قەزا و ناحیەکان کاندیدمان ھەبووەو کەسانی سیاسیی و پسپۆر لەسەرجەم بوارەکاندا کاندید کراون.

خسرۆ گۆڕان گوتیشی: ھاوکات کاندیدەکانی پارتی لە پێکھاتە جیاوازەکان پێکھاتوون، لەوانە کاندیدی موسڵمان و ئێزیدی و مەسیحیش لە خۆ دەگرێ.
Top